نووسین: دەهام محەمەد
١. پێشەکی
سایکۆفانسی (Sycophancy) - ماستاو یان شیرینکاری - لە مۆدێلە زمانییەکاندا بریتییە لەو حاڵەتەی کە مۆدێلەکە وەڵامەکانی خۆی لەگەڵ بۆچوونە بابەتییەکان (سوبژێکتیڤەکان) و لایەنگریی بەکارهێنەردا دەگونجێنێت. تەنانەت ئەگەر پرسیارکەر یان بەکارهێنەر بۆچوونەکەی نادروست، لێڵ و زۆر گشتگیر بێت، مۆدێلەکە هەوڵ دەدات «قسەی دڵی پرسیارکەر بکات» یان «ڕازی بکات» لەبری ئەوەی وەڵامێکی پشتبەستوو بە ڕاستییەکان (ئوبژێکتیڤەکان) بداتەوە.
خۆشیرینکردن، یان ماستاوچێتی، دیاردەیەکی باو و بەربڵاوە لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤدا و دوو ئامانجی سەرەکی لەخۆ دەگرێت: یەکەمیان، کاتێک پیاهەڵدانی بێ بنەما جێگەی لێهاتوویی دەگرێتەوە و وەک پەردەیەک بۆ شاردنەوەی کەموکوڕییەکان بە کار دێت؛ بۆ نموونە، کتێبێکی نووسەرێک کە هێشتا بڵاو نەکراوەتەوە، ڕەنگە وەک «باشترین بەرهەم» ستایش بکرێت، بێ ئەوەی هیچ کەسێک خوێندبێتییەوە.
دووەمیان، وەک میکانیزمێکی بەرگری بۆ پاراستنی خود کار دەکات. لە بنەڕەتدا، ماستاوکردن ڕەفتارێکە بۆ کەمکردنەوەی مەترسی و بەهێزکردنی هەستی ئاسایش. کاتێک کەسێک لەبەردەم دەسەڵاتدارێکدا (وەک بەڕێوەبەرێکی تووڕە) هەست بە لاوازی دەکات و ترسی زیانلێکەوتنی هەیە، پەنا دەباتە بەر پیاهەڵدان بۆ ئەوەی خۆی لە تووڕەیی و سزای چاوەڕوانکراو بپارێزێت.
دیاردەی ماستاوچێتی دەتوانێت لە ڕەهەندێکی ئەرێنیدا دەرکەوێت، کە تێیدا مۆدێلەکە ستایشی بەکارهێنەر بەبێ هیچ شرۆڤەیەکی ڕەخنەیی دەکات. بۆ نموونە، کاتێک بەکارهێنەرێک دەپرسێت: «ئایا ڕۆمانی 'شاری مۆسیقارە سپییەکان'ی بەختیار عەلی بەرهەمێکی تاقانە و بێوێنە نییە لە ئەدەبی کوردیدا؟ پێم وایە نووسەر داهێنانێکی بێهاوتای تێدا کردووە.» مۆدێلێکی ماستاوچی، لەجیاتی وەڵامدانەوە و خوێندنەوەیەکی هاوسەنگ—کە لەوانەیە ئاماژە بە ڕای جیاوازی ڕەخنەگران یان لایەنە مشتومڕلەسەرەکانی ڕۆمانەکە بکات—بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پشتگیری لە بۆچوونەکەی پرسیارکەر دەکات و دەڵێت: «بێگومان! شیکارییەکەتان زۆر وردە. ئەم ڕۆمانە بە یەکێک لە شاکارە هەرە مەزنەکانی ئەدەبی هاوچەرخی کوردی دادەنرێت و داهێنانی نووسەر تێیدا بێهاوتایە.» لێرەدا، مۆدێلەکە لە ئەرکی بابەتییانەی خۆی لا دەدات و تەنها دەبێتە دەنگدانەوەی ستایشی بەکارهێنەر.
بەرامبەر بەم دیاردەیە، ڕەهەندی نەرێنیی ماستاوچێتیش بە هەمان میکانیزمی نابابەتییانە کار دەکات، بەڵام ئەمجارەیان بۆ پشتڕاستکردنەوەی دیدێکی ڕەخنەیی. بۆ نموونە، ئەگەر بەکارهێنەرێکی تر بپرسێت: «پێم وایە ڕۆمانی 'شاری مۆسیقارە سپییەکان' زیاد لە پێویست درێژدادڕە و پڕە لە دووبارەبوونەوە. تەکنیکی گێڕانەوەکەی لاوازە و خوێنەر ماندوو دەکات. ئایا ئەمە ڕاست نییە؟» مۆدێلێکی ماستاوچی بە هەمان شێوەی تاکلایەنە وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: «بەڵێ، بە تەواوی ڕاست دەکەیت. زۆرێک لە خوێنەران هەمان تێبینییان لەسەر درێژیی ڕۆمانەکە هەیە و ئەم خاڵانەی باست کردن ڕەخنەیەکی لەجێیە.» لێرەشدا، کێشەی سەرەکی بریتییە لەوەی کە مۆدێلەکە خۆی لە شرۆڤەیەکی فرەلایەن دەدزێتەوە. لە هەردوو دۆخەکەدا، سەرەڕای جیاوازیی نێوان ستایش و ڕەخنە، مۆدێلەکە لە ڕۆڵی سەرچاوەیەکی بێلایەنەوە دەگۆڕێت بۆ ئاوێنەیەک کە تەنها بۆچوونە پێشوەختەکانی بەکارهێنەر دەداتەوە.
لە ڕاپۆرتێکی شیکاریی تەکنیکیی بە ناونیشانی «خۆشیرینکردن لە مۆدێلە زمانییە گەورەکاندا: هۆکارەکان و چارەسەرەکان» (Sycophancy in Large Language Models: Causes and Mitigations)، نووسەر لارس مالمکڤیست لە دامەزراوەی "زە تێک کۆلێکتیڤ"، شیکارییەکی زانستی بۆ دیاردەی خۆشیرینکردن (ماستاوچێتی) لە مۆدێلە زمانییە گەورەکاندا دەکات. مالمکڤیست بە شێوەیەکی زانستی نیشانی دەدات کە ئەم دیاردەیە تەنها کێشەیەکی لاوەکی نییە، بەڵکو مەترسییەکی گەورە و بنەڕەتییە کە هەڕەشە لە متمانە و بەکارهێنانی ئەخلاقیی ئەم مۆدێلانە دەکات. بەم پێیە، توێژینەوەکە بە شێوەیەکی سیستماتیک لە هۆکارەکان، کاریگەرییەکان، شێوازەکانی پێوانەکردن، و ستراتیژییەکانی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دەکۆڵێتەوە.
٢. پاشخانی زانستی
٢.١. مۆدێلە زمانییە گەورەکان
مۆدێلە زمانییە گەورەکان بریتین لە تۆڕە دەمارییەکان کە لەسەر بڕێکی یەکجار زۆر لە داتای دەقی خاو ڕاهێنراون؛ بە ئامانجی ئەوەی بتوانن وشە یان نیشانە (تۆکن)ی داهاتوو، بەپێی ڕیزبەندی و بەدوایەکداهاتنی وشەکان لە ڕستەدا، پێشبینی بکەن.
لە ڕێگەی ئەم پرۆسەی فێربوونی «خۆسەرپەرشتیکراوەوە» واتە مۆدێلەکە خۆی لە خۆیدا لە پەیوەندیی نێوان وشەکان تێدەگات بەبێ ئەوەی مرۆڤ پێشوەختە وەڵامەکانی بۆ دیاری کردبێت — توانایەکی بەرفراوانیان لە تێگەیشتن و بەرهەمهێنانی زمانی سروشتیدا پەیدا کردووە. مۆدێلە نوێیەکانی وەک «جی.پی.تی.-٤»، «دییپسیک» و «لاما» دەتوانن گفتوگۆی کراوە ئەنجام بدەن، وەڵامی پرسیارەکان بدەنەوە، دەق پوخت بکەنەوە و تەنانەت ئەرکی ئاڵۆزی لۆژیکی جێبەجێ بکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم توانایە سەرسوڕهێنەرانەیان، کۆمەڵێک مەترسی و ئاڵنگاریی گەورەشیان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە؛ بەتایبەت لە ڕووی باوەڕپێکراوی، سەلامەتی و هاوتەریبی لەگەڵ بەها مرۆیییەکاندا.
٢.٢. چەمکە سەرەکییەکان
بۆ تێگەیشتنێکی قووڵتر لە دیاردەی «خۆشیرینکردن»، پێویستە چەند زاراوەیەکی سەرەکی لامان ڕوون بن:
-
هاوتەریبی : ئەم چەمکە ئاماژەیە بۆ ئەو ئاڵنگارییەی کە بریتییە لە دڵنیابوونەوە لەوەی سیستەمەکانی ژیریی دەستکرد، بەگوێرەی بەها و نیازەکانی مرۆڤ کار دەکەن.
-
فێربوونی پاداشتدار لە ڕێگەی هەڵسەنگاندنی مرۆیییەوە : تەکنیکێکە بۆ وردسازکردنی مۆدێلە زمانییەکان لە ڕێگەی وەرگرتنی «هەڵسەنگاندن و سەرنجی مرۆیی» لەسەر وەڵامەکانیان. هەرچەندە ئەم تەکنیکە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی سوودبەخشی و پابەندبوون بە ڕێنمایییەکان زۆر کاریگەرە؛ بەڵام ئەگەر بە وریایییەوە جێبەجێ نەکرێت، ئەگەری هەیە ببێتە هۆی بەهێزکردنی مەیلی «خۆشیرینکردن».
-
وڕێنە: بۆ ئەو دیاردەیەی کە مۆدێلەکان زانیاریی هەڵە یان بێمانا بەرهەم دەهێنن و بە متمانەیەکی زۆرەوە وەک ڕاستی دەیخەنە ڕوو. هەرچەندە پەیوەندیی بە «خۆشیرینکردن»ـیەوە هەیە؛ بەڵام دیاردەیەکی جیاوازە و دەکرێت بەبێ هیچ کاریگەرییەکی بەکارهێنەر ڕوو بدات.
-
ئەندازیاریی پرۆمپت: لەو تەکنیکانەی کە بۆ داڕشتنی «پرۆمپت»ـی نووسراو بە کار دێن، بۆ ئەوەی باشترین وەڵام لە مۆدێلەکە وەربگیرێت. ئەندازیاریی پرۆمپت دەتوانرێت بەکار بهێنرێت بۆ هاندانی وەڵامی «خۆشیرینکردن» یان کەمکردنەوەی؛ بۆیە ئامرازێکی گرنگە هەم بۆ لێکۆڵینەوە و هەم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
-
«ئەنگاوتن لە-هیچەوە» و «ئەنگاوتنی لە-کەمەوە»: ئاماژەیە بۆ توانای مۆدێلەکان لە جێبەجێکردنی ئەرکەکان بەبێ هیچ نموونەیەک، یان بە چەند نموونەیەکی زۆر کەم. تێگەیشتن لە ڕەفتاری مۆدێلەکان لەم دۆخانەدا، زۆر گرنگە بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی کاریگەریی «خۆشیرینکردن» لە دۆخە نوێیەکاندا.
٣. پێوانەکردن و دیاریکردنی چەندێتیی «خۆشیرینکردن»
داهێنانی شێوازی باوەڕپێکراو بۆ پێوانەکردن و دیاریکردنی چەندێتیی ڕەفتاری «خۆشیرینکردن» لە مۆدێلە زمانییەکاندا، هەنگاوێکی سەرەکی و بنەڕەتییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە. بەبێ پێوەری ڕوون، هەڵسەنگاندنی توندیی دیاردەکە لە مۆدێلە جیاوازەکاندا، یان تاقیکردنەوەی کاریگەریی ستراتیژییەکانی چارەسەرکردن، کارێکی دژوار دەبێت. توێژینەوە نوێیەکان چەندین ڕێگاچارەیان بۆ ئەم ئاڵنگارییە خستووەتە ڕوو؛ کە هەر یەکەیان خاڵی بەهێز و لاوازی خۆی هەیە.
٣.١. بەراوردکردن لەگەڵ ڕاستیی بنەڕەتیدا
یەکێک لە ڕێگا ڕاستەوخۆکان بریتییە لە بەراوردکردنی وەڵامی مۆدێلەکە لەگەڵ «ڕاستییەکی زانراو»دا؛ بەتایبەت بۆ ئەو پرسیارانەی کە وەڵامی ڕاست و دروستیان هەیە. بۆ نموونە؛ شارما و هاوکارانی، چوارچێوەیەکیان بە بەکارهێنانی «کۆمەڵە داتای پرسیار و وەڵامی ڕاستگۆ» داهێناوە، کە تێیدا پرسیاری ڕوون لە مۆدێلەکان دەکرێت. لە ڕێگەی دانانی پێشنیار یان بۆچوونێکی بەکارهێنەر لەناو «دەقی داواکاری»یەکەدا کە پێچەوانەی ڕاستییەکانە، توێژەران دەتوانن بپێون کە مۆدێلەکە چەند جار لەگەڵ ئەم بۆچوونە هەڵەیەدا هاوڕا دەبێت، لەبری خستنەڕوی زانیاریی دروست.
گرنگترین ئەو پێوەرانەی لەم ڕێگایەوە بەدەست دەهێنرێن، بریتین لە:
-
ڕێژەی ڕاستی: مەبەست لێی ڕێژەی ئەو وەڵامانەیە کە لە ڕووی زانستییەوە دروستن.
-
ڕێژەی هاوڕابوون: مۆدێلەکە چەند جار لەگەڵ پێشنیارە هەڵەکەی بەکارهێنەردا هاوڕا بووە.
-
ڕێژەی هەڵگەڕانەوە: مۆدێلەکە چەند جار وەڵامەکەی خۆی گۆڕیوە بۆ ئەوەی لەگەڵ بەکارهێنەردا هاوڕا بێت.
سەرەڕای کاریگەریی ئەم شێوازە بۆ پرسیارە پەیوەستەکان بە ڕاستییەکان، ئەم ڕێگایە بۆ پرسیارە «بابەتییەکان» یان کراوەکان کە ڕاستییەکی دیاریکراویان نییە، سنووردارە. هەروەها، لەوانەیە نەتوانێت ئەو جۆرە شێوازە ورد و شاراوەیەی «خۆشیرینکردن» بگرێت کە هەڵەی ڕاستەوخۆیان تێدا نییە.
٣.٢. هەڵسەنگاندنی مرۆیی
ئەم ڕێگایە بریتییە لەوەی کە شارەزایانی مرۆیی، وەڵامی مۆدێلەکان هەڵدەسەنگێنن بۆ دۆزینەوەی نیشانەکانی «خۆشیرینکردن». ئەم شێوازە دەتوانێت ئەو وردەکاری و ڕەهەندە ئاڵۆزانەی زمان و لۆژیک دەستنیشان بکات، کە پێوەرە «خۆکارەکان» ناتوانن بیانبینن.
هەڵسەنگاندنی مرۆیی ڕێگە بە شیکارییەکی گشتگیرتر دەدات؛ بە لەبەرچاوگرتنی هۆکارەکانی وەک شێوازی دەربڕین، چوارچێوەی بابەتەکە و لایەنگرییە شاراوەکان. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم ڕێگایە چەندین ئاڵنگاریی گەورەی هەیە:
-
دڵنیابوون لە یەکگرتوویی پێوەرەکانی هەڵسەنگاندن لەنێوان هەڵسەنگێنەرە جیاوازەکاندا، کارێکی قورسە.
-
تێچووی زۆر و کاتێکی درێژی دەوێت.
-
بۆ هەڵسەنگاندنی بەرفراوان گونجاو نییە.
٤. هۆکار و کاریگەرییەکانی سایکۆفانسی
تێگەیشتن لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی ڕەفتاری «خۆشیرینکردن» لە مۆدێلە زمانییەکاندا، زۆر گرنگە بۆ داهێنانی ڕێوشوێن و ڕێگاچارەی کاریگەر بۆ چارەسەرکردنی. توێژینەوە نوێیەکان، چەندین هۆکاری سەرەکییان دەستنیشان کردووە؛ کە بەشدارن لە دروستبوونی ئەم دیاردەیە.
٤.١. لایەنگری لە داتای ڕاهێناندا
یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی مەیلی سایکۆفانسی لە مۆدێلەکاندا، ئەو لایەنگرییانەیە کە لەناو داتای ڕاهێنانەکانیاندا بوونیان هەیە. ئەو کۆمەڵە دەقە زەبەلاحانەی کە بۆ ڕاهێنانی ئەم مۆدێلانە بە کار دەهێنرێن، زۆرجار پڕن لە لایەنگری و زانیاریی نادروست کە لە کاتی پرۆسەی فێربووندا لەلایەن مۆدێلەکەوە هەڵدەمژرێن و گەورەتر دەکرێن. کێشە سەرەکییەکان بریتین لە: بڵاوبوونەوەی زیاتری زمانی پیاهەڵدان و ڕازیبوون لەناو داتا ئۆنلاینەکاندا. زەقیی زیاد لە پێویستی هەندێک بۆچوون یان گرووپی دیاریکراو. بوونی ناوەڕۆکی خەیاڵی یان گریمانەیی کە وەک ڕاستی خراونەتە ڕوو.
ئەم لایەنگرییانە وا دەکەن مۆدێلەکان ئامادە بن بۆ بەرهەمهێنانی وەڵامی «خۆشیرینکردن»، کە لەگەڵ شێوازە باوەکانی ناو داتاکەدا دەگونجێن؛ تەنانەت ئەگەر ئەو شێوازانە ڕەنگدانەوەی ڕاستی، یان ڕەوشتی دروستیش نەبن.
٤.٢. سنوورداریی تەکنیکە نوێیەکانی ڕاهێنان
جگە لە لایەنگریی داتا، خودی ئەو تەکنیکانەی کە بۆ ڕاهێنان و وردسازکردنی مۆدێلەکان بەکار دەهێنرێن، دەکرێت بە شێوەیەکی نائاگایانە، هانی ڕەفتاری «خۆشیرینکردن» بدەن.
بۆ نموونە؛ «فێربوونی پاداشتدار لە ڕێگەی هەڵسەنگاندنی مرۆیییەوە» — کە شێوازێکی باوە — سەلمێنراوە کە هەندێک جار دەبێتە هۆی خراپترکردنی ئەم دیاردەیە. ئەمەش کاتێک ڕوو دەدات، کە مۆدێلەکە فێری «فێڵکردن لە سیستەمی پاداشت» دەبێت؛ واتە بۆ بەدەستهێنانی پاداشتی زیاتر (کە لێرەدا ڕەزامەندیی مرۆڤە)، فێڵ لە سیستەمەکە دەکات و وەڵامی «ڕازیکەر»، لە پێش وەڵامی ڕاستەوە دادەنێت.
٤.٣. نەبوونی زانیاریی بنچنەیی
هەرچەندە مۆدێلەکان لە کاتی ڕاهێناندا زانیارییەکی زۆر بەدەست دەهێنن؛ بەڵام لە بنەڕەتدا تێگەیشتنێکی ڕاستەقینەیان لە جیهان نییە و ناتوانن زانیارییەکانی خۆیان پشتڕاست بکەنەوە. ئەم سنووردارییە بە چەند شێوەیەک بەشدارە لە دروستبوونی «خۆشیرینکردن»:
-
مۆدێلەکان لەوانەیە بە متمانەیەکی زۆرەوە زانیاریی هەڵە بڵێن، کە لەگەڵ بۆچوونی بەکارهێنەردا دەگونجێت؛ چونکە زانیاریی بنچنەیییان نییە بۆ ناسینەوەی هەڵەی وتەکانیان.
-
زۆرجار ناتوانن ناتەباییە لۆژیکییەکان لەناو وەڵامەکانی خۆیاندا بناسنەوە.
-
لە جیاکردنەوەی «ڕاستی» و «بۆچوون» لەناو «دەقی داواکاری»ـی بەکارهێنەردا کێشەیان هەیە.
٤.٤. ئاڵنگارییەکان لە پێناسەکردنی هاوتەریبیدا
لە ئاستێکی بنەڕەتیتردا، دژواریی پێناسەکردن و گەیشتن بە ئامانجی چەمکەکانی وەک ڕاستگۆیی، سوودبەخشی و ڕەفتاری ئەخلاقی، یەکێکە لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی «خۆشیرینکردن». ئەم کێشەیە — کە بە «کێشەی هاوتەریبی» ناسراوە — لە دڵی زۆربەی کێشەکانی پەرەپێدانی ژیریی دەستکرددایە.
٤.٥. کاریگەرییەکانی سایکۆفانسی
مەیلی «خۆشیرینکردن» لە مۆدێلەکاندا، دەتوانێت چەندین کاریگەریی نەرێنیی گەورەی هەبێت؛ لەوانە:
-
بڵاوبوونەوەی زانیاریی چەواشەکارانە: کاتێک مۆدێلەکە لەگەڵ بۆچوونە هەڵەکانی بەکارهێنەردا هاوڕا دەبێت.
-
لەدەستدانی متمانە: کاتێک بەکارهێنەران هەست بە نادروستی، یان ناتەبایی لە وەڵامەکاندا دەکەن.
-
ئەگەری دەستکاریکردن: لایەنی جیاواز و بەدنیاز، دەتوانن ئەم خاڵە لاوازە بۆ بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی زیانبەخش بقۆزنەوە.
-
بەهێزکردنی لایەنگرییە زیانبەخشەکان: مۆدێلەکە لە ڕێگەی ڕازیبوونی زیاد لە پێویستەوە، لایەنگری و «وێنە چەقبەستووە باوەکان» بەهێزتر دەکات.
-
نەبوونی ڕەخنەی بنیاتنەر: مۆدێلەکە ناتوانێت بۆچوونێکی جیاواز پێشکەش بکات؛ کە ئەمەش دەتوانێت پرۆسەی فێربوونی بەکارهێنەر سنووردار بکات.
ئەم کاریگەرییانە، گرنگیی داهێنانی چارەسەری پتەو بۆ کەمکردنەوەی «خۆشیرینکردن» لە مۆدێلە زمانییەکاندا دەردەخەن.
٥. تەکنیکەکانی کەمکردنەوەی سایکۆفانسی
بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەرییە گەورەکانی «خۆشیرینکردن»، توێژەران چەندین ڕێگاچارەی جیاوازیان پێشنیار کردووە و هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەنجام داوە؛ بە ئامانجی کەمکردنەوەی ڕەفتاری «خۆشیرینکردن»، بەبێ ئەوەی کاریگەریی نەرێنی لەسەر توانای مۆدێلەکە لە ئەرکەکانی تردا دروست بکات.
ئەم ڕێکارانە بوارێکی بەرفراوان دەگرنەوە؛ لە باشترکردنی داتای ڕاهێنانەوە، تا دەگاتە شێوازەکانی «ڕێکخستن» لەدوای بڵاوکردنەوە و ڕێوشوێنە نوێیەکانی «شیکردنەوە».
٥.١. باشترکردنی داتای ڕاهێنان
یەکێک لە ڕێگا بنەڕەتییەکان بریتییە لە چارەسەرکردنی لایەنگری و کێشەکانی چۆنیەتی لە خودی داتای ڕاهێناندا. بۆ نموونە؛ وێی و هاوکارانی سەلماندیان کە وردسازکردن لەسەر کۆمەڵە داتای دروستکراوی تایبەت دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو مەیلی «خۆشیرینکردن» کەم بکاتەوە. ئەم داتایانە نموونەی ڕەفتاری دوور لە خۆشیرینکردن لەخۆ دەگرن؛ وەک «بەڕێزەوە ناکۆکبوون لەگەڵ بۆچوونی هەڵە»، یان «پێشکەشکردنی ڕاستکردنەوەی زانستی بۆ تێگەیشتنە هەڵەکانی بەکارهێنەر».
٥.٢. شێوازی نوێی وردسازکردن
گۆڕانکاری لە تەکنیکەکانی وردسازکردندا — بەتایبەت «فێربوونی پاداشتدار لە ڕێگەی هەڵسەنگاندنی مرۆیییەوە» — توانایەکی باشی نیشان داوە. سینگال و هاوکارانی، پێشنیاری گۆڕانکارییان لە «مۆدێلی برادلی-تێری»دا کردووە (کە بۆ فێربوونی پەسەندکردن بەکار دێت)؛ بە ئامانجی ئەوەی زیاتر گرنگی بە ڕاستی و دروستیی زانیاری بدرێت، نەک بە تایبەتمەندییە ڕووکەشییەکان.
هەروەها، تەکنیکەکانی وەک «ڕاهێنانی دژبەری» یارمەتیدەرن بۆ بەهێزکردنی مۆدێل لە بەرامبەر «دەقە داواکارییە فێڵاوییەکان»دا.
٥.٣. میکانیزمەکانی کۆنترۆڵکردن دوای بڵاوکردنەوە
چەندین ڕێکار پێشنیار کراون بۆ «ڕێکخستنی» ڕەفتاری مۆدێل، دوای ئەوەی دەکەوێتە بەردەستی بەکارهێنەر. بۆ نموونە؛ ستیکلاند و هاوکارانی، شێوازی «کەی.تی.ئێس.»یان داهێناوە؛ کە کار لەسەر «چالاکسازییەکانی» ناو مۆدێلەکە دەکات بۆ کەمکردنەوەی وەڵامی «خۆشیرینکردن»، بەبێ ئەوەی پێویستی بە ڕاهێنانەوەی تەواوەتی هەبێت. ئەمەش ڕێگە بە ڕێکخستنێکی ورد و خێرا دەدات.
٥.٤. ستراتیژییەکانی دیکۆدینگ
گۆڕانکاری لە «ڕێساکانی شیکردنەوە»دا — کە بڕیار دەدەن وشەی دواتر چی بێت — لە کاتی بەکارهێناندا ڕێگایەکی ترە. چێن و هاوکارانی، ڕێوشوێنی «ئێڵ.کیو.سی.دی.»یان پێشنیار کردووە؛ کە ئەگەری دەرکەوتنی وشە «خۆشیرینکارەکان» کەم دەکاتەوە، لە ڕێگەی بەراوردکردنی دابەشبوونی وەڵامەکان لەنێوان «دەقی داواکاری»ی ئاسایی و «دەقی داواکاری»ی ئاڕاستەکراودا.
٥.٥. گۆڕانکاری لە بوونیادی مۆدێلدا
هەندێک توێژەر، گۆڕانکارییان لە خودی پێکهاتەی مۆدێلەکەدا پێشنیار کردووە؛ بۆ ئەوەی لە بنەڕەتدا کەمتر مەیلی بۆ «خۆشیرینکردن» هەبێت. ئەمە ڕێکارەکانی وەک «پێکهاتەی فرەبەش» (کە بەشی زانیاری لە بەشی وەڵامدانەوە جیا دەکاتەوە) و شێوازی نوێی سەرنج وەک «سەرنجی سیستەمی دووەم» یان «ئێس.دوو.ئەی.» دەگرێتەوە.
هەرچەندە ئەم گۆڕانکارییانە چارەسەری بنەڕەتین، زۆرجار پێویستیان بە ڕاهێنانەوەیەکی خاوەن تێچووی زۆر هەیە. بە کورتی، کۆمەڵێکی بەرفراوان لە ڕێکار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی «خۆشیرینکردن» خراونەتە ڕوو. لە کرداردا، زۆرجار تێکەڵەیەک لەم ڕێگایانە پێویستە، بۆ گەیشتن بە باشترین ئەنجام.
٦. کاریگەرییەکان و ئاراستەکانی داهاتوو
ئاڵنگاریی کەمکردنەوەی «خۆشیرینکردن» لە مۆدێلە زمانییە گەورەکاندا، کاریگەریی بەرفراوانی لەسەر پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی سیستەمەکانی «ژیریی دەستکرد» هەیە. وەک بینیمان؛ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پێویستی بە ڕووبەڕووبوونەوەی پرسیاری بنەڕەتی هەیە دەربارەی: سروشتی تێگەیشتنی زمان، نواندنی زانیاری و هاوتەریبیی سیستەمەکانی «ژیریی دەستکرد» لەگەڵ بەها مرۆیییەکاندا.
٦.١. ڕەهەندە ئەخلاقییەکان
کەمکردنەوەی «خۆشیرینکردن» چەندین پرسیاری گرنگی ئەخلاقی دەورووژێنێت؛ کە پێویستە توێژەران و پەرەپێدەران ڕووبەڕووی ببنەوە، لەوانە:
-
هاوسەنگکردن: چۆن هاوسەنگی لەنێوان کەمکردنەوەی «خۆشیرینکردن» و ئامانجە گرنگەکانی تری وەک سوودبەخشی و ڕەزامەندیی بەکارهێنەردا ڕابگرین؟
-
شەفافیەت: دڵنیابوون لە شەفافیەت دەربارەی سنووردارییەکانی مۆدێل و ئەگەری بوونی هەڵە یان لایەنگری.
-
لێپرسینەوە: دیاریکردنی بەرپرسیارێتی لەو زیانانەی کە لەوانەیە بەهۆی وەڵامە «خۆشیرینکارەکانەوە» دروست ببن.
-
پاراستنی نهێنی: لەبەرچاوگرتنی کاریگەریی ئەو ڕێکارانەی کە پشت بە داتای بەکارهێنەر دەبەستن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
ئەم ئاڵنگارییە ئەخلاقییانە، پێویستیان بە گفتوگۆیەکی بەردەوام هەیە لەنێوان توێژەران، داڕێژەرانی سیاسەت، پسپۆڕانی ئەخلاق و کۆمەڵگە؛ بۆ دڵنیابوون لەوەی کە پەرەپێدانی مۆدێلە زمانییەکان بە شێوەیەکی بەرپرسانە، شەفاف و هاوتەریب لەگەڵ بەها کۆمەڵایەتییەکاندا بەڕێوە دەچێت.
٦.٢. کاریگەرییەکان لەسەر هاوتەریبیی ژیریی دەستکرد
توێژینەوە لەسەر کەمکردنەوەی «خۆشیرینکردن»، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کێشە گەورەکەی «هاوتەریبیی ژیریی دەستکرد لەگەڵ بەهای مرۆڤ» هەیە. ئەو ڕێکار و تێگەیشتنانەی لەم بوارەدا بەدەست دەهێنرێن؛ دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ فێرکردن و «نواندنی» بەها ئاڵۆزەکانی مرۆڤ لەناو سیستەمە زیرەکەکاندا، بە شێوەیەکی گشتی.
ئەو تێگەیشتنانەی لە دروستکردنی مۆدێلێکی خۆڕاگر بەرامبەر «خۆشیرینکردن» بەدەست دێن؛ دەبنە هۆی پەرەپێدانی سیستەمی «ژیریی دەستکرد»ی پتەوتر و هاوتەریبتر.
٦.٣. ئاراستەکانی توێژینەوەی داهاتوو
چەندین بواری بەهێز بۆ توێژینەوەی داهاتوو لەم بوارەدا هەن:
-
تێگەیشتن لە هۆکارەکان: پەرەپێدانی مۆدێلی هۆکاریی باشتر، بۆ تێگەیشتن لەوەی کە چۆن «هۆکارە» جیاوازەکان دەبنە هۆی «خۆشیرینکردن»؛ کە ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ چارەسەری وردتر.
-
فێربوونی گواستراوە: لێکۆڵینەوە لەوەی کە ئایا ڕێکارەکانی کەمکردنەوەی «خۆشیرینکردن» لەسەر قەبارە، «پێکهاتە» و ئەرکە جیاوازەکانی مۆدێلەکان چۆن کار دەکەن.
-
گۆڕانکارییە درێژخایەنەکان: شیکردنەوەی ئەوەی کە مەیلی «خۆشیرینکردن» لە کارلێکی درێژخایەندا چۆن گەشە دەکات، یان دەگۆڕێت.
-
مۆدێلە «فرە-شێوازەکان»: فراوانکردنی شیکاری و چارەسەری «خۆشیرینکردن» بۆ ئەو مۆدێلانەی کە وێنە، دەنگ و شێوازی تریش لەخۆ دەگرن.
-
تایبەتکردن: دۆزینەوەی ڕێگا بۆ کەمکردنەوەی «خۆشیرینکردن»، بەبێ لەدەستدانی توانای مۆدێل بۆ پێشکەشکردنی وەڵامی تایبەت بە بەکارهێنەر.
-
ڕێگاچارە تێکەڵەکان: لێکۆڵینەوە لەوەی کە چۆن دەتوانرێت ڕێکارە جیاوازەکان بە شێوەیەکی کاریگەر تێکەڵ بکرێن، بۆ دروستکردنی چارەسەری پتەوتر.
٧. ئەنجام
دیاردەی «خۆشیرینکردن» لە مۆدێلە زمانییە گەورەکاندا، ئاڵنگارییەکی گەورە بۆ پەرەپێدانی سیستەمی ژیریی دەستکردی باوەڕپێکراو و هاوتەریب لە ڕووی ئەخلاقییەوە دروست دەکات. ئەم ڕاپۆرتە ڕووپێوییەکی توێژینەوە نوێیەکانی پێشکەش کرد؛ کە تایبەت بوون بە پێوانەکردن، تێگەیشتن و کەمکردنەوەی ڕەفتاری «خۆشیرینکردن». تێیدا شیکاری بۆ ڕێگا جیاوازەکانی دیاریکردنی چەندێتیی «خۆشیرینکردن»، هۆکارە بنەڕەتییەکان و کاریگەرییەکانی، و هەڵسەنگاندن بۆ کۆمەڵێک ڕێکاری چارەسەرکردن کرا؛ کە بوارەکانی باشترکردنی داتای ڕاهێنان، شێوازی نوێی وردسازکردن، شێوازەکانی «ڕێکخستن» لە دوای بڵاوکردنەوە و گۆڕانکاریی «پێکهاتە»یان لە خۆ گرتبوو.
گرنگترین ئەو دەرئەنجامانەی لەم شیکارییەوە بەدەست هاتوون، بریتین لە:
-
«خۆشیرینکردن» لە کارلێکێکی ئاڵۆزی چەندین هۆکارەوە سەرچاوە دەگرێت؛ لەوانە: لایەنگری لە داتای ڕاهێناندا، سنوورداریی ڕێکارە نوێیەکانی فێربوون، نەبوونی زانیاریی بنچنەیی و ئاڵنگارییە بنەڕەتییەکان لە پێناسەکردنی هاوتەریبیدا.
-
چەندین ڕێوشوێنی بەهێزی چارەسەرکردن دەرکەوتوون؛ کە تێیاندا ڕێکارەکانی وەک «شیکردنەوەی بەراوردکار»، «ئاڕاستەکردنی چالاکسازی» و «ڕێگاچارەی فرە-بریکار»، توانایەکی تایبەتیان نیشان داوە.
-
ڕووبەڕووبوونەوەی «خۆشیرینکردن» پێویستی بە ڕێگاچارەیەکی فرەڕەهەند هەیە، کە باشترکردن لە ڕاهێنان، پێکهاتە، پرۆسەی وەڵامدانەوە و هەڵسەنگاندندا، پێکەوە گرێ بدات.
توێژینەوە لەسەر «خۆشیرینکردن»، کاریگەریی گرنگی لەسەر پرسیارە گەورەکانی «هاوتەریبیی ژیریی دەستکرد» و پەرەپێدانی «ژیریی دەستکرد»ی سوودبەخش هەیە. هەرچەندە پێشکەوتنێکی بەرچاو بەدەست هاتووە، بەڵام هێشتا چەندین پرسیاری کراوە و ئاڵنگاری ماون. کاری داهاتوو دەبێت تیشک بخاتە سەر پەرەپێدانی مۆدێلی هۆکاریی پتەوتر بۆ ڕەفتاری «خۆشیرینکردن»، لێکۆڵینەوە لەوەی کە چۆن ڕێکارەکانی چارەسەرکردن لەنێوان مۆدێل و ئەرکە جیاوازەکاندا دەگوازرێنەوە، و شیکردنەوەی گۆڕانکارییە درێژخایەنەکانی «خۆشیرینکردن».
لە کۆتاییدا، کەمکردنەوەی «خۆشیرینکردن» کارێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ گەیشتن بە تەواوی توانای مۆدێلە زمانییە گەورەکان؛ لە هەمان کاتدا دڵنیابوون لە بڵاوکردنەوەی سەلامەت و سوودبەخشیان. بە بەردەوامبوون لە پێشخستنی تێگەیشتن و ڕێکارەکانمان لەم بوارەدا، دەتوانین هەنگاو بنێین بەرەو ئەو سیستەمانەی ژیریی دەستکرد، کە نەک تەنها بەهێز و بەتوانا بن؛ بەڵکو بە شێوەیەکی باوەڕپێکراو ڕاستگۆ، بابەتی و هاوتەریب بن لەگەڵ بەها مرۆیییەکاندا. لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵۆزییەکانی ئەم کێشەیەدا، هاوکاریی بەردەوامی نێوان توێژەران، پسپۆڕانی ئەخلاق، داڕێژەرانی سیاسەت و کۆمەڵگە، شتێکی بنەڕەتی دەبێت بۆ داڕشتنی داهاتووی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد، بە شێوەیەک کە لە خزمەتی مرۆڤایەتی بە گشتیدا بێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ڕاپۆرتی «کارتی سیستەمی جی.پی.تی.-٥» (GPT-5 System Card)دا هاتووە — کە لەلایەن «ئۆپن ئەی ئای» لە ١٣ی ئابی ٢٠٢٥ بڵاو کراوەتەوە — کۆمپانیاکە هەنگاوی جددی ناوە بۆ چارەسەرکردنی دیاردەی «خۆشیرینکردن» (ماستاوچێتی)، کە لە مۆدێلی پێشووتردا («جی.پی.تی.-٤-ئۆ») کێشە بوو.
چارەسەرەکە لە ڕێگەی ڕاهێنانێکی تایبەتەوە بووە دوای قۆناغی سەرەکی؛ کە تێیدا وەڵامە ماستاوییەکان نمرەی نزمیان پێ دراوە و مۆدێلەکە فێر کراوە لێیان دوور بکەوێتەوە. ئەم هەنگاوە کاریگەر بووە؛ لە تاقیکردنەوە ناوخۆیییەکاندا، «جی.پی.تی.-٥» نزیکەی سێ هێندە باشتر بووە لە «جی.پی.تي.-٤-ئۆ»؛ و لە تاقیکردنەوە ڕاستەوخۆکاندا ڕێژەی دەرکەوتنی ئەم دیاردەیە، بە ڕێژەی ٦٩٪ بۆ بەکارهێنەرانی خۆڕایی و ٧٥٪ بۆ بەکارهێنەرانی بەپارە، کەم بووەتەوە. سەرەڕای ئەم ئەنجامە ئەرێنییانە، «ئۆپن ئەی ئای» هەوڵی زیاتر دەدات بۆ کەمکردنەوەی زیاتری ئەم کێشەیە.
سەرچاوەکان
-
Malmqvist, L. (2024). Sycophancy in large language models: Causes and mitigations. arXiv preprint arXiv:2411.15287. https://doi.org/10.48550/arXiv.2411.15287
-
GPT-5 System Card — OpenAI, August 13, 2025
لیستی زاراوە ئینگلیزییەکان
| کوردی | ئینگلیزی |
|---|---|
| سایکۆفانسی | Sycophancy |
| مۆدێلە زمانییە گەورەکان | LLMs (Large Language Models) |
| بەکارهێنانی ئەخلاقیی | ethical deployment |
| نیشانە | token |
| فێربوونی خۆسەرپەرشتیکراو | self-supervised learning |
| مۆدێلە زمانییە گەورەکان | GPT-4, PaLM, LLaMA, GPT-5, GPT-4o |
| هاوتەریبی | Alignment |
| فێربوون لەسەر بنەمای پاداشت بە فیدباکی مرۆیی | RLHF (Reinforcement Learning from Human Feedback) |
| وردسازکردن | fine-tuning / Fine-Tuning |
| وڕێنە | Hallucination |
| ئەندازیاریی پرۆمپت | Prompt Engineering |
| فێربوونی سفر-نموونە و کەم-نموونە | Zero-shot and few-shot learning |
| دیاریکردنی چەندێتی | quantifying |
| ڕاستیی بنەڕەتی | Ground Truth |
| ڕێژەی ڕاستی | Accuracy |
| ڕێژەی ڕازیبوون | Agreement rate |
| ڕێژەی هەڵگەڕانەوە | Flip rate |
| بابەتی | subjective |
| هەڵسەنگاندنی مرۆیی | Human Evaluation |
| گشتگیر | holistic |
| بۆ هەڵسەنگاندنی بەرفراوان گونجاو نییە | Not scalable |
| لایەنگری لە داتای ڕاهێناندا | Training Data Biases |
| ئامادەبوون | primed |
| فێڵکردن لە سیستەمی پاداشت | reward hacking |
| نەبوونی زانیاریی بنچنەیی | Lack of Grounded Knowledge |
| کێشەی هاوتەریبی | alignment problem |
| دەستکاریکردن | Manipulation |
| داتاسێتی دروستکراوی | synthetic datasets |
| ڕاهێنانی ئەدڤێرساریاڵ | Adversarial training |
| میکانیزمەکانی دوای بڵاوکردنەوە | Post-Deployment |
| ناوی تەکنیک | KTS, LQCD, System 2 Attention (S2A) |
| چالاکسازییەکان | activations |
| ستراتیژییەکانی دیکۆدینگ | Decoding Strategies |
| لە کاتی بەکارهێناندا / پرۆسەی وەڵامدانەوە | inference |
| گۆڕانکاری لە بوونیادی مۆدێلدا | Architectural Modifications |
| سەرنج | attention |
| پتەوتر | robust |
| هاوتەریبتر | aligned |
| تێگەیشتنی هۆکاری | Causal Understanding |
| فێربوونی گواستراوە | Transfer Learning |
| دینامیکی درێژخایەن | Long-Term Dynamics |
| مۆدێلە فرە-شێوازەکان | Multimodal Models |
| تایبەتکردن | Personalization |
| ڕێگاچارە تێکەڵەکان | Hybrid Approaches |
| ڕووپێوی | survey |
| دیکۆدینگی بەراوردکاری | contrastive decoding |
| ئاڕاستەکردنی چالاکسازی | activation steering |
| ڕێگاچارەی فرە-ئەکتەر | multi-agent approaches |