لە نێوان حەوت هەزار زمانی جیهاندا، کەم تا زۆر سەد زمانێک لە ئاستی جیاجیادا لە تەکنۆلۆژییەکانی ژیریی دەستکرد بەهرەمەندن. بە زۆر هۆیان، زمانی کوردی لە قەبارەیەکی گەورە و گشتگیردا بە تەکنۆلۆژییەکانی ژیریی دەستکرد تەیار نەکراوە. بە مەبەستی دابینکردنی گشتگیری تەکنۆلۆژییەکانی زمان بۆ سەرجەم زاراوەکانی زمانی کوردی، دامەزرانی پلاتفۆرمێکی نوێی پەرەدانی تەکنۆلۆژییەکانی زمان بە ناوی ژیریی دەستکرد ڕادەگەیەنین. ئامانجی ئەم پلاتفۆرمە ئەوەیە کە زیاتر پەرە بە تەکنۆلۆژییەکانی زمانی کوردی بدەین.
بۆ ئەم مەبەستە و وەک یەکەم وەجبەی پڕۆژەکانمان، سێ خزمەتگوزاریی بنەمایی دەخەینە بەردەستی هاووڵاتییان کە بریتین لە:
وەرگێڕانی دەنگ
بۆ یەکەم جار لە مێژووی زمانی کوردیدا تەکنۆلۆژیای وەرگێڕانی ڕاستەوخۆی دەنگی زمانی کوردی بۆسەر زمانی ئینگلیزیمان پەرە داوە و دەیخەینە بەردەستی هاووڵاتییان. بەکارهێنەر دەتوانێت بە زمانی کوردی قسە بکات و لە ئێدیتۆرێکی دابینکراودا قسەکانی بە شێوەی نووسراو بە زمانی ئینگلیزی ببینێت و بە شێوەی فایلی وۆرد نووسراوە وەرگێڕدراوەکان پاشەکەوت بکات.
تایپی ڕاستەوخۆ
بە مەبەستی بەردەستخستنی ئاسانتر و خێراتری سیستمەکانی ناسینەوەی ئاخاوتن، خزمەتگوزاریی تایپی ڕاستەوخۆ وەک دووەم بەرهەم لەم سەکۆ نوێیەوە پێشکەش دەکرێت و چالاکە. لە ڕێگەی تایپی ڕاستەوخۆوە بەکارهێنەر دەتوانێت بەردەوام قسە بکات و لە ئێدیتۆری دابینکراودا پێداچوونەوە بۆ دەقەکانی بکات و بە فۆرمەتی وۆرد نووسراوەکانی پاشەکەوت بکات.
تایپی پەڕگە
سێیەم خزمەتگوزاری کە لە قۆناغی یەکەمدا خراوەتە بەردەستی بەکارهێنەران، تایپی پەڕگەیە. لە ڕێگەی ئەم خزمەتگوزارییەوە بەکارهێنەر دەتوانێت فایلی دەنگ یان ڤیدیۆ بە فۆرمەتی جیاجیا بنێرێت و ڕاستەوخۆ دەقەکەی وەربگرێتەوە.
دەیتا و سەرچاوەکانی زمان
شیاوی ئاماژەیە کە جیا لە بەرهەم و خزمەتگوزاری، ئەم پلاتفۆرمە نوێیە هەوڵ دەدات کە بناخەکانی زمانی کوردی لە بواری تەکنۆلۆژیدا پتەوتر بکات و بۆ ئەو مەبەستە لە کۆمەڵێک پڕۆژەی بناخەییدا سەرچاوە پێویستەکانی زمانی کوردی بێبەرامبەر و بە شێوەی سەرچاوەکراوە دەخاتە بەردەستی سەرجەم توێژەران و زانکۆکان.
بڵاوکراوەی زانستی
بە مەبەستی دەوڵەمەندکردنی زیاتری زمانی کوردی لە بوارە نوێیەکانی زانست و ئەندازیاریدا، ماڵپەڕی ژیریی دەستکرد بەشێکی تایبەتی بە بڵاوکراوەی زانستی تەرخان کردووە کە بابەتی فێرکاری و تیۆریک لە بوارەکانی ئەندازیاریی کۆمپیوتەر، زانستی کۆمپیوتەر و ژیریی دەستکرد تێدا بڵاو دەکرێنەوە. وێڕای پیرۆزبایی لە شەیدایانی زمانی کوردی و تەکنۆلۆژی، هیوادارین ئەم پێگەیە بەشێک لە کەموکوڕییەکانی زمانی کوردی لە بواری تەکنۆلۆژی و زانستدا پڕ بکاتەوە.
د. ئاران ئەمینی
توێژەری پۆست دوکتورا لە بواری زانستی کۆمپیوتەر
دامەزرێنەری سەکۆی ژیریی دەستکرد بۆ تەکنۆلۆژییەکانی زمانی کوردی
لۆمان، فەڕانسە