پێواژۆی دەنگ یەکێک لە ژێر لقە گەورەکانی بواری زانستیی ژیریی دەستکردە. ئامانجی ئەم بوارە پەرەدانی چەندین تەکنەلۆژیای جیاوازە کە کار لەگەڵ دەنگی مرۆڤ دەکەن. ناسراوترین بەرهەمەکانی ئەم بوارە بریتین لە: ناسینەوەی ئاخاوتن، ناسینەوەی ئاخێوەر، وەرگێڕانی ئاخاوتن، ناسینەوەی زمان و زار و هتد. ژمارەیەکی زۆر هۆکار و بگۆڕ هەن کە کاریگەری لەسەر کوالێتیی سیستمەکانی پێواژۆی دەنگ دادەنێن. بەشێک لەو هۆکارانە پەیوەندیدارن بەو کەسەی کە قسە دەکات، بەم هۆکارانە دەگوترێت بگۆڕی ناوەکی. بۆ نموونە ئەوەی کە کاتێک کەسێک قسە دەکات سترێسی هەیە یان نا. یاخود ئەوەی کەسێک بە هەست و سۆزەوە قسە دەکات یان بە شێوەی ئاسایی قسە دەکات. هەروەها چەند هۆکاری دیکە هەن کە پەیوەندییان بە فیزیۆلۆژی و گەرووی کەسەکەوە هەیە. لە هەموو ئەم حاڵەتانەدا سەرچاوەی بگۆڕەکە کەسی قسەکەرە.

پۆلی دووەمی هۆکارەکان کە کاریگەری لەسەر کوالێتیی سیستمەکانی پێواژۆی دەنگ دادەنێن پێیان دەگوترێت هۆکاری دەرەکی. ئەم هۆکارانە پەیوەندیدارن بەو ژینگەی کە سیستمەکە تێیاندا بە کار دێت. بۆ نموونە ئەوەی کە ئایا سیستمێک لە ژوورەوە یان لە دەرەوە بە کار دەهێنن. ئایا لەو شوێنەی کە سیستەمەکە بەکار دەهێنن ژاوەژاو و نۆیز هەیە یان شوێنێکی ئارام و بێدەنگە. جۆری میکرۆفۆن و کوالێتیی میکرۆفۆنیش هۆکارێکی دیکەیە کە دەکەوێتە ئەم پۆلەوە. هۆکارە دەرەکییەکان کاریگەرییەکی یەکجار زۆریان لەسەر کوالێتیی سیستمەکان هەیە و دەتوانن یەکجار زۆر ئاستیان دابەزێنن.

پۆلی سێیەمی هۆکارەکان پەیوەندیدار نین بەوەی کە کێ و لە کوێ قسە دەکات، بەڵکوو گرێدراوی ئەوەن کە کەسەکە چی دەڵێت، واتە لێرەدا ناوەرۆک گرنگە. زۆربەی ئەو سیستمانەی کە بۆ پێواژۆی دەنگ پەرە دراون، کار لەگەڵ شێوەزاری ستانداردی زمان دەکەن. بۆ وێنە، ئێمە لە زمانی کوردیی ناوەڕاستدا تا ڕادەیەک گەیشتووین بە شێوەیەکی ستاندارد و نووسراو کە ئەو شێوەیە دەبێتە بنەما بۆ ئەم سیستمانە. هەر ئەمەش وا دەکات کە کوالێتیی سیستمەکان بۆ شێوازی دەربڕینی فەرمی و ستاندارد باشتر بێت. ناوەرۆکی ئەو شتەی کە دەیڵێین هۆکارێکی گرنگی دیکەیە. بۆ وێنە ئەگەر ئێمە سیستمێکمان پەرە دابێت کە زیاتر کار لەگەڵ هەواڵ و بابەتی ڕۆژانە بکات، ئاستەکەی بۆ بواری دیکە زۆر بەرز نابێت. ڕەنگە نەکرێت بەکارهێنەر سەرجەم ئەم بگۆڕانە کۆنترۆڵ بکات و بۆ وێنە ناچار بێت لە کاتێکدا کە سترێسی هەیە یا تووڕەیە، یا لە شوێنێکدایە کە ژاوەژاو زۆرە، یاخود میکرۆفۆنی باشی نییە، کەڵک لەم سیستەمە وەربگرێت. بۆ ئەم حاڵەتانە پێویستە سیستمەکانی دەنگ بەهێز و پتەو بکرێن کە ئاستەکەیان دانەبەزێت.

بە گشتی ئێمە چەند ڕێنمایی لێرەدا دەخەینە ڕوو کە ئەگەر بەکارهێنەر ڕەچاویان بکات ئەنجامێکی باشتر لەگەڵ ئەم سیستمانە وەردەگرێت، کە ئەوانیش بریتین لە:

  •  لە شوێنی بێدەنگ ئەم سیستمانە بەکار بهێنن
  • کەڵک لە میکرۆفۆنی باش وەربگرن 
  • میکرۆفۆنەکە زۆر لە دەمتان دوور نەبێت 
  • هەوڵ بدەن بە کوردییەکی پاراو قسە بکەن 
  • هەوڵ بدەن ددان بە وشەکاندا بنێن و جوان دەریانبڕن

 

 

 

د. ئاران ئەمینی

توێژەری پۆست دوکتورا لە بواری زانستی کۆمپیوتەر

دامەزرێنەری سەکۆی ژیریی دەستکرد بۆ تەکنۆلۆژییەکانی زمانی کوردی