ماڵپەڕی ژیریی دەستکرد وەک سەکۆیەکی گشتگیر بۆ پەرەدان و بەردەستخستنی تەکنۆلۆژییەکانی زمان دامەزراوە. ئامانجی ئەم سەکۆیە ئەوەیە کە بە ئاسانترین شێوە هاووڵاتییان دەستیان بە تەکنۆلۆژییەکانی وەک ناسینەوەی ئاخاوتن و وەرگێڕانی ئاخاوتن ڕا بگات و هەروەها زانیاریی گشتی لەسەر بواری زانستیی ژیریی دەستکرد لە کوردستان ببەینە سەرەوە و سەرچاوەکانی زمان دابین بکەین. لەسەر وەجبەی یەکەمی خزمەتگوزارییەکان نرخێکی ڕەمزی دانراوە کە بە هۆی نامۆبوونی کۆمەڵگا بەو شێوە مامەڵەیە لەگەڵ زمان، ڕەنگە بۆ زۆر کەسان جێگەی پرسیار بێت کە بۆچی ئەو خزمەتگوزارییانە بەشێوەی سنووردار بەخۆڕایی بەردەست خراون. لەم بلۆگەدا هەوڵ دەدەین وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە.

تێچووی پەرەدان
تەکنۆلۆژییەکانی ژیریی دەستکرد بە پێچەوانەی خزمەتگوزارییە کلاسیکەکانی وەک فەرهەنگ و وشەدان و ماڵپەڕی هەواڵ و هتد، تێچوویەکی بەرچاویان هەیە. تێچووی پەرەدانی ئەو سیستمانە پەیوەندی زۆر بەوە هەیە کە بۆ چ زمانێک پەرە دەدرێن و ئاستی چاوەڕوانیمان لە توانایی سیستمەکان چەندەیە و لە کوێدا بە کار دەهێنرێن. هەر بەو هۆکارە نرخی پەرەدانی سیستمەکانی ناسینەوەی ئاخاوتن یان وەرگێڕانی ئاخاوتن دەتوانێت لە سەد هەزار دۆلار تاکوو دوو ملیۆن دۆلار لە گۆڕاندا بێت. بۆ زمانێکی وەک زمانی کوردی کە سەرچاوەیەکی زمانیی ئەوتۆی نییە نرخی پەرەدانی ئەو تەکنۆلۆژییە زۆر دەبێت و لە چەند سەد هەزار دۆلار تێپەڕ دەکات. تاکوو ئێرە ئێمە هەموو تێچووی پەرەدانی ئەو تەکنۆلۆژییانەمان خستۆتە ئەستۆی خۆمان کە سێ بەشی هێزی پسپۆڕ، کۆمپیوتەری تایبەت بە ژیریی دەستکرد و پەرەدانی سەرچاوەی زمانی دەگرێتەوە.

پەرەدان نیوەی ڕێگەش نییە
دامەزراندنی ئەم تەکنۆلۆژییانە و کردنیان بە بەرهەمێک کە بە کەڵکی خەڵک بێت بەشێکی تری تێچووەکانی ئەم بەرهەمانەیە. لێرەدا دوو تێچووی بەرچاو ڕاگرتن و باشترکردنی پڕۆژەکانە. ڕاگرتن و باشترکردنی پڕۆژەکان کە تێچوویەکی بەرچاوی هەیە و کاتێکی یەکجار زۆری دەوێت وەک پەرەدانیان بێ هیچ پشتیوانییەک لە ئەستۆی خۆماندایە. بەڵام، جگە لە تێچووەکانی پەرەدان و ڕاگرتن، چەند تێچووی تر هەن کە لە دەرەوەی هێزی پسپۆڕیی ئێمەن و خۆیان دەسەپێنن. بەرچاوترینی ئەو تێچووانە بۆ ژێرخانی ژمێرکاری دەبێت کە لە درێژەدا ڕوونی دەکەینەوە.

مەبەستمان لە ژێرخانی ژمێرکاری چییە؟ 
تەکنۆلۆژییەکانی ئەم سەردەمەی زمان نزیک هەموویان لەسەر شتێک بە ناوی تۆڕە دەمارییە دەستکردەکان ئیش دەکەن کە پێویستییان بە کۆمپیوتەری تایبەت هەیە. پێشتر ڕێگەی تر هەبوون، کاراییان کەمتر بوو بەڵام بە کۆمپیوتەری ئاساییش تا ڕادەیەک ئیشیان دەکرد. بۆ پەرەدانی تەکنۆلۆژییەکانی زمان لە سەردەمی ئێستادا لە دوو قۆناغدا پێویستمان بە ڕاژەکار یان سێرڤێری بەهێز هەیە. ئەو سێرڤێرانە پێواژۆکار یان پرۆسێسۆرێکیان لەسەرە کە پێی دەگوترێت جی.پی.یوو یان تی.پی.یوو. جی.پی.یوو کە گشتگیرترە و ئێمەش بە کاری دەهێنین چییە؟ بۆ ئەوەی کە ئێمە چەند چرکە دەنگمان بکەین بە نووسین، پێویستمان بە هەزاران کرداری بیرکارییە کە بە کۆمپیووتەری ئاسایی کە سی.پی.یوویان لەسەرە زۆری پێ دەچێت و کارەکە ڕاناپەڕێت. جی.پی.یوو ئەو کردارە بیرکارییانە زۆر خێراتر ڕادەپەڕێنێت. 


کاتێک ئێمە سیستمەکان دروست دەکەین پێویستمان بە جی.پی.یووە. بۆ پەرەدانی سیستمێک سەدان کاتژمێر کۆمپیوتەری بەتوانا دەبێت بە کرێ بگرین کە لە هەزاران دۆلار تێپەڕ دەکات. جاری وایە لەو ناوەندانەی توێژینەوە کە کار دەکەین، ڕێگەمان پێ دەدرێت کە ژێرخانەکان بە کار بهێنین بەڵام هەمیشە وا نییە و زۆر جاران دەبێت خۆمان ئەو تێچووانە دابین بکەین.
 
بە هەمان شێوە کاتێک کە سیستمەکان دەخەینە قۆناغی کارپێکردنەوە پێویستمان بە ڕاژەکارێک هەیە کە جی.پی.یووی لەسەر بێت تاکوو خێراتر بتوانین وەڵامی بەکارهێنەران بدەینەوە. واتا بۆ هەر چرکەیەک کە ئێمە تایپ دەکەین تێچوویەکی هەیە. ئەو تێچووە دەکرێت بۆ هەر کاتژمێرێک بەپێی توانایی ڕاژەکارەکە لە چەند سەنت تاکوو تەنانەت چەند دۆلار بێت. ئاشکرایە کە سەرجەم ئەو تێچووانەش تاکوو ئێستا هەر لەلایەن خۆمانەوە دابین کراون. 

گریمان خۆمان ئەو تێچووانەشمان دابین کرد، ئایا کێشەکە چارەسەر دەبێت و دەتوانین بێسنوور خزمەتگوزارییەکان بخەینە بەردەست؟ نەخێر! چونکە هەرچەندیش ئێمە ڕاژەکاری باشمان بێت، لە ئاستی کۆمپانییەک یان تیمێکی بچووکدا ناتوانین بێسنوور خزمەتگوزاری بدەین و لە جێیەکدا هەر دەبێت سنوور بۆ بەکارهێنەر دابنێین. بەڵام تەنیا خزمەتە بێبەرامبەرکە ڕادەی زیاد دەکرێت. واتا بۆ ئەوەی کە بتوانیت بێبەرامبەر بە ژمارەیەکی بەرچاوی بەکارهێنەران خزمەتگوزاری بدەیت، پێویستت بە تواناییەکی بەرچاوی کۆمپیوتەر و ژمێرکاری هەیە کە ڕەنگە لە ساڵدا خۆی لە دەیان هەزار دۆلار بدات. ئەوەش یان دەبێت بیزنسێکی سەرکەوتووی لە پشتەوە بێت یان ناوەندێکی خەمخۆری زمان پشتیوانی لێ بکات. هەر بەم هۆکارە ئێمە لە ئێستادا کە توانایی ڕاژەکار و سێرڤێرمان سنووردارە، ناچار بووین کە بە شێوەی سنووردار خزمەتگوزارییەکان بەردەست بخەین بۆ ئەوەی کە ڕێگری بکەین لەوەی فشارێکی زۆر بۆ سێرڤێرەکان بێت و هاوکات بتوانین خزمەتگوزاری بۆ ئەو کەسانە دابین بکەین کە زۆرتر پێویستیانە.

ئاقاری تەکنۆلۆژییەکانی زمان بەرەو کوێ ببەین کە بەسەر ئەو بەربەستانەدا زاڵ بین؟
کوردستان و زمانی کوردی تەنیا شوێن و زمان نین لە دنیادا کە ئەم کێشەیان ببێت. تەنانەت کۆمپانیا هەرە مەزنەکانیش چەندە باس لە خودی ژیریی دەستکرد وەک زانست دەکەن، ئەوەندەش لەگەڵ دابینکردنی سەرچاوە کۆمپیوتەرییەکان لە ململانێدان. ئەگەر ناوەندێک یان سەرمایەدارێک بتوانێت بە ڕادەی پێویست ڕاژەکاری بەهێز بۆ ئێمە دابین بکات، بە دڵنیاییەوە بە هۆی ئەوەی کە پاڵنەری ئێمە لە پەرەدانی ئەم تەکنۆلۆژییانە نامادی بووە و هەیە، ئەوا ئێمەش دەتوانین تا ئاستێکی زۆر زۆر باش بەخۆڕایی و بێبەرامبەر خزمەتگوزارییەکان پێشکەش خەڵک بکەین. 

ئەگەر ئەو سەرچاوانە دابین نەبن، هەروا دەستەوەستان دانیشین؟
بە هۆی ئەزموونی ڕابردوومان لە دابین نەکرانی سەرچاوەی کۆمپیوتەریدا، بە شوێن دۆزینەوەی ڕێگەچارەی تریش دەبین. بە شێوەیەک کە بتوانین بە کەمترین توانای ژمێرکارییەوە سیستمەکان بخەینە بەردەستی خەڵک. دیارە ئەم ڕێکارە دووەمییە کە زیاتر لە کۆنترۆڵی ئێمەدایە وەک پسپۆڕی ژیریی دەستکرد، ئەولەویەتی لەپێشینەمانە و هیوادارین هەرچی زووتر بتوانین ئەو بەربەستە بۆ زمانی کوردی بشکێنین و هاووڵاتییان بتوانن بەخۆڕایی دەستیان بەو تەکنۆلۆژییانە ڕابگات.

تاکوو ئەو کاتە و بەرەوپێشچوونی ئێمە لەو ئاراستەیەدا، هیوادارین ئەم ڕوونکردنەوەمان لێ وەربگرن و هاودڵ و هاوسۆز بن لەگەڵمان بۆ ئەوەی باشترین و شیاوترین تەکنۆلۆژییەکان بۆ زمانەکەمان دابین دەکەین.

زۆر سپاس
ئاران ئەمینی
بەرپرس و دامەزرێنەری ماڵپەری ژیریی دەستکرد،