ئێمە لە چاخی ئەلگۆریتماندا دەژین. ئەگەر یەک یان دوو وەچە لەمەوبەر لە کەسێکت پرسیبایە ئەلگۆریتم چییە، وەڵامێکت وەرنەدەگرت. ئەمڕۆکە، ئەلگۆریتمەکان لە هەر کون و قوژبنێکی کۆمەڵگادان و لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەمان تێکەڵن. ئەوان تەنیا لەناو مۆبایل یان لەپتۆبەکاندا نین بەڵکوو لەناو ئۆتۆمبیل، ماڵ، کەلوپەل و لەیستۆکانیشدان. بانکەکەتان لە گڵۆڵەیەک لە ئەلگۆریتمەکان پێک هاتووە کە خەڵک لێرە و لەوێ ڕستوویانە و بایانداوە. ئەلگۆریتمەکان پلانی فڕینی فڕۆکان دادەڕێژن و هەر ئەوانیشن باڵەفڕان دەفڕێنن. ئەلگۆریتمەکان کارگەکان هەڵدەسووڕێنن، کاروباری بازرگانی ڕادەپەڕێنن و زانیاری تۆمار دەکەن. ئەگەر ئەلگۆریتمێک کتوپڕ ڕاوەستێت، وەک ئەوەیە دنیا ئاخر بێت. 

ئەلگۆریتم چییە؟ ئەلگۆریتم زنجیرەیەک فەرمانە کە بە کۆمپیوتەر دەڵێت چی بکات. کۆمپیوتەرەکان لە ملیاردەها کلیل ساز بوون کە پێیان دەگوترێت ترانزیستۆر و ئەلگۆریتمەکان لە چرکەیەکدا چەندین ملیارد جار ئەو کلیلانە هەڵدەکەن و دەکوژێننەوە. هەر ترانزیستۆرێک یەک بیت زانیاری پیشان دەدات: ئەگەر ترانزیستۆرەکە هەڵ بێت، ئەوا پیشاندەری یەک و ئەگەریش بکوژێتەوە پیشاندەری سفرە. بیتێک زانیاری لە حیسابە بانکییەکەتان دەتوانێت پێتان بڵێت کە حیسابەکەتان پارەی تێدایە یان بەتاڵە. بیتێکی تر لە سیستمی بەڕێوەبەرایەتیی بیمەی کۆمەڵایەتی دیاری دەکات کە ماون یان مردوون. ئەوە سادەترین ئەلگۆریتمی دنیایە. دووەم ئەلگۆریتمی هەرە سادە ئەمەیە: دوو بیت زانیاری ئاوێتە بکە. کلاود شانۆن، ناسراو بە باوکی بیردۆزیی زانیاری، یەکەم کەس بوو کە زانی هەڵبوون و کوژانەوەی ترانزیستۆرەکان لە وەڵامدانەوە بە هەڵبوون و کوژانەوەی ترانزیستۆرەکانی تر، پەیوەندییەکی مەنتقی تێدایە. ئەوە بابەتی تێزی ماستەرەکەی لە زانکۆی ئێم.ئای.تی بوو کە گرینگترین تێزی ماستەری هەموو سەردەمان بووە. ئەگەر ترانزیستۆری A تەنیا لە کاتێکدا هەڵ دەبێت کە هەردوو ترانزیستۆری B و C هەڵن، ئەوە چەشنێک بەڵگاندنی مەنتقییە (کرداری AND). ئەگەر A کاتێک هەڵ دەبێت کە یەکێک لە B یان C هەڵ بن، ئەوەش جۆرە کردارێکی مەنتقیی دیکەیە (کرداری OR). سێیەم کرداری مەنتقی ئەوەیە کە ئەگەر A هەڵ بێت، ئەودەم B هەڵ نەبێت و پێچەوانەکەی (کرداری NOT). ڕەنگە بۆتان قورس بێت بڕوا بکەن کە دەکرێت هەر ئەلگۆریتمێک، هەرچەندیش ئاڵۆز بێت، دابشکێنرێت بۆ سەر سێ کرداری OR ،AND و NOT؛ واتا دەکرێت بەو سێ کردارە هەر ئەلگۆریتمێک جێبەجێ‌ بکرێت. وەک نموونە، ئەگەر بە هۆی ئەنفلۆنزا یان مالاریا تووشی تا ببن و بۆ چارەسەری تا و ژانەسەر دەرمانی تیلێنۆل وەربگرن، بەم شێوە ئەو کارە دەکەن: 

بە ئاوێتەی کرداری لەو چەشنە، دەکرێت زنجیرەیەکی ڕوون لە بەڵگاندنی مەنتقی بکرێت. خەڵک زۆر جاران وا دەزانن کە کۆمپیوتەرەکان بە ژمارەکان کار دەکەن، بەڵام وا نییە. کۆمپیوتەرەکان سەرلەبەر بە مەنتق کار دەکەن. ژمارەکان و حیسابکردن لە مەنتق پێکدێن، هەر بەو پێیەش هەموو شتێکی کۆمپیوتەرەکان لە مەنتق پیکدێت. دەتانەوێت دوو ژمارە پێکەوە کۆ بکەنەوە؟ تێکەڵەیەک لە ترانزیستۆرەکان ئەو کارەتان بۆ دەکات. دەتانەوێت کۆمپیوتەرێک لە کێبەرکێیەکدا لە مرۆڤ بباتەوە؟ ئەوەش بە تێکەڵەیەکی دیکە لە ترانزیستۆرەکان دەکرێت، خۆیایە کە بۆ ئەمەیان ژمارەیەکی زۆرتری ترانزیستۆرمان گەرەکن. هەروەک گوترا ترانزیستۆرەکانیش کردارەکانی مەنتق جێبەجێ دەکەن. 


خەرج و تێچوویەکی یەکجار زۆری دەوێت کە بۆ هەر کار و ئەرکێک کۆمپیوتەرێکی نوێ دابڕێژرێت و چێ بکرێت. بۆیە کۆمپیوتەرەکان کۆمایەکی مەزن لە ترانزیستۆرەکانن کە کاری جیاجیا ڕادپەڕێنن، بۆ هەر کارێک، بەشێکی تایبەت لە ترانزیستۆرەکان هەڵدەبن. مایکڵ ئانجێلۆ دەڵێت، ئەو لە پارچە کەڤرێکدا پەیکەرێکی دەدیت، دەستی دەکردە تاشینی بەردەکە تاکوو پەیکەر بە دیار بکەوێت. ئەلگۆریتمەکانیش هەروا دەکەن، ترانزیستۆرە زیادەکان وەلا دەنێن تاکوو ئەرکە خوازراوەکە دیار دەکەوێت، جا ئەو ئەرکە با فڕاندنی باڵەفڕ یان سازکردنی فیلمێکی نوێی پیکسار بێت.


هەر کۆمەڵە فەرمانێک نابێتە ئەلگۆریتم. فەرمانەکانی ئەلگۆریتم دەبێت وردبین و ڕوون بن کە بکرێت بە کۆمپیوتەر جێبەجێ‌ بکرێن. بۆ وێنە، پەیڕەوی لێنانی چێشتێک ئەلگۆریتم نییە، چونکە کارەکان بە وردبینییەوە ڕیز ناکات و دیاری ناکات کە ڕێک هەنگاوەکان چین. کەوچێکێک شەکر ڕێک چەندەیە؟ بۆیە کاتێک کە کەسێک دەستوورێکی نوێی چێشتلێنان تاقی دەکاتەوە، دیار نییە خواردنەکەی خۆش دەردەچێت یان ناخۆش. بەپێچەوانەوە، ئەنجامی ئەلگۆریتمێک هەمیشە یەک شتە. تەنانەت ئەگەر دیاریشی بکەین کە دە گرەم شەکر لە خواردنەکە بکەن، هێشتا نابێتە ئەلگۆریتم، چونکە کۆمپیوتەر نە دەزانێت شەکر چییە و نە دەزانێت گرەم چییە. ئەگەر بمانەوێ بەرنامەی ڕۆبۆتێکی چێشتلێنەر ساز بکەین، دەبێت پێی بڵێین کە چۆن بە بینین شەکر بناسێتەوە، چۆن کەوچک هەڵبگرێت و هەتا دوایی. ئێمە ئێستا لەسەر شتی وا کار دەکەین. بۆ ئەوەی کۆمپیوتەر بزانێت کام ترانزیستۆرانە هەڵ بکات دەبێت زۆر بە وردی ئەلگۆریتمەکانی بۆ پێناسە بکرێن. کەواتە ڕەچەتەی چێشتلێنان زۆر لە ئەلگۆریتم دوورە.

لە لایەکی ترەوە، ئەوەی خوارەوە ئەلگۆریتمی یاریی ڕیزێن پیشان دەدات:
ئەگەر بۆخۆتان یان دژبەرتان دوو شتی لەسەر یەک ڕیز بوون، ئێوە لەسەر ئەو چوارگۆشەیە یاری بکەن کە ماوەتەوە.
دەنا، ئەگەر جووڵەیەک هەیە کە بتوانن دوو شتان لەسەر یەک ڕیز دابنێن، ئەو کارە بکەن.
دەنا، ئەگەر چوارگۆشەی ناوەڕاست بەتاڵە، لەوێ یاری بکەن.
دەنا، ئەگەر دژبەرتان لە گۆشەدا یاری دەکات، ئێوە لە گۆشەی بەرامبەریدا یاری بکەن. 
دەنا، ئەگەر گۆشەیەکی بەتاڵی لێیە، لەوێ یاری بکەن.
دەنا، لە چوارگۆشەیەکی بەتاڵدا یاری بکەن.

ئەو ئەلگۆریتمە باشییەکی هەیە؛ قەت نادۆڕێت! دیارە هێشتا زۆر وردەکاری باس نەکراون، وەک ئەوەی کە تەختەی یارییەکە چۆناوچۆن لە بیرگەی کۆمپیوتەردا بنوێنرێت و ئەوەی کە جووڵەکان چۆن ئەو نواندنە دەگۆڕن. بۆ وێنە دەتوانین بۆ هەر چوارگۆشەیەک دوو بیتمان ببێت، بڕی 00 ئەوە پیشان دەدات کە چوارگۆشەکە بەتاڵە، بە گۆڕینی بۆ 01 ئەوە پیشان دەدرێت کە بازنەیەکی لەسەرە، بە گۆڕینی بۆ 10 پیشان دەدرێت کە نیشانەی لێکدانی لەسەرە. وێڕای باسنەکرانی ئەو وردەکارییانە، ئەلگۆریتمەکە ئەوەندە ڕوونە کە هەر بەرنامەسازێک بتوانێت لەسەر کۆمپیوتەر پیادەی بکات. هەروەها ئەو شێوە دەربڕینەی ئەلگۆریتم یارمەتیمان دەدات کە بە ڕاستی ناچار نەبین بۆخۆمان هەموو ئەو وردەکارییانە دیاری بکەین کە کام ترانزیستۆرانە دەبێت هەڵ بن؛ دەتوانین لەو ئەلگۆریتمانەش کەڵک وەربگرین کە پێشتر لەلایەن کەسانی ترەوە ئامادە کراون.

ئەلگۆریتمەکان جۆرێک پێوانەن. لە ڕاستیدا، زۆر جاران دەگوترێت کە لە بابەتێک تێنەگەیشتووین تاکوو ئەوەی بتوانین بە ئەلگۆریتمێک بەیانی بکەین. هەروەک ڕیچارد فەینمەن دەڵێت، شتێک کە نەتوانم دروستی بکەم، واتە لێی تێناگەم. هاوکێشەکان، نان و پێخۆری ئەندازیاران و فیزیکزانان، لە ڕاستیدا هەموویان چەشنێک ئەلگۆریتمن. بۆ نموونە، ڕێسای دووەمی نیۆتۆن، کە ڕەنگە گرینگترین هاوکێشەی هەموو سەردەمان بێت، پێتان دەڵێت کە هێزی تەنێک بە لێکدانی بارستایی لەگەڵ تاودان حسێب بکەن. هەروەها ناڕاستەوخۆ پێتان دەڵێت کە تاودان بە واتای دابەشکردنی هێزە بەسەر بارستاییدا، ئەو دەربڕینە نوێیەش بۆخۆی ئەلگۆریتمییە. لە هەر بوارێکی زانستدا، ئەگەر نەکرێت تیۆرییەک بە زمانی ئەلگۆریتم دەربڕین، بەو واتایە کە ئەو تیۆرییە زۆر پتەو نییە. زانستوانان تیۆرییەکان پەرە دەدەن و ئەندازیاران ئامێرەکان ساز دەکەن. زانستوانانی کۆمپیوتەریش ئەلگۆریتمەکان چێ دەکەن، کە هەردووکی تیۆرییەکان و ئامێرەکان لە خۆ دەگرن.

داڕشتنی ئەلگۆریتم سادە نییە. زۆر جاران تووشی هەڵە دەبن، زۆر چەلان دەستتان لە بنی هەنبانەوە دەردەچێت. هەندێک لە حەدسەکانتان هەڵە دەردەچن و دەبێت بە شوێن ڕێگەی تردا بگەڕێن. پاش داڕشتنی ئەلگۆریتمێک، دەبێت بە زمانێکی وەک جاڤا یان پایتۆن بینووسن کە کۆمپیوتەر لێی تێدەگات (لەم قۆناغەدا پێی دەگوتریت بەرنامە). پاشان دەبێت دیباگی بکەن: هەموو هەڵەکان بدۆزنەوە و چارەسەریان بکەن تا دەگەنە ئەو شوێنەی کە کۆمپیوتەر بەبێ چەرمەسەری بەرنامەکە جێبەجێ‌ بکات. پاش ئەوە بەرنامەیەکتان دەبێت کە کارێکی دڵخوازتان بۆ جێبەجێ دەکات و ئیتر پاڵی لێ دەدەنەوە. کۆمپیوتەرەکان ملیۆنان جار بە خێرایی و بێ بۆڵە و منەت کارەکەتان بۆ دەکەن. ئەلگۆریتمەکان دەکرێت هیچ تێچوویەکیان نەبێت، ئەگەر ئەو پرسەی چارتان کردووە زۆر گرینگ بێت، لەوانەیە بتانکات بە ملیاردێر. بەرنامەساز -ئەو کەسەی ئەلگۆریتمەکان ساز دەکات و دەیانکات بە کۆد- گچکە خودایەکە، بە ئیرادەی خۆی گەردوونێک ساز دەکات. دەکرێت بڵێین خودی خودای ئافرێنەریش بەرنامەسازێکە: ئامرازی ئافراندنی بەردەستی ئەویش زمانە. وشەکان جیهانەکان ساز دەکەن. ئەمڕۆکە، بە لەپتۆپەکەتانەوە لەسەر سۆفایەک دادەنیشن و ئێوەش دەتوانن خودایەتی بکەن. جیهانێک وێنا بکەن و بیکەن بە ڕاستی. یاساکانی فیزیک با بە دڵی ئێوە بن.

لەگەڵ تێپەڕینی کات، زانایانی کۆمپیوتەر کەڵک لە کارەکانی یەکتری وەردەگرن و ئەلگۆریتمەکان بۆ شتی نوێ‌ساز دەکەن. ئەلگۆریتمەکان لەگەڵ‌ ئەلگۆریتمی تر تێکەڵ‌ دەبن، ئەنجامێک بۆ ئەلگۆریتمی تر بەرهەم دەهێنن و دیسان ئەنجامەکانی ئەوانیش دەدرێن بە ئەلگۆریتمی دیکە. هەر چرکەیەک، ملیاردەها ترانزیستۆر لە ملیاردەها کۆمپیوتەردا ملیاردەها جار هەڵ‌ دەبن و دەکوژێنەوە. ئەلگۆریتمەکان ژینگەیەکی نوێ ساز دەکەن، دەکرێت ئەو ژینگە نوێیە بە خودی ژیان بەراورد بکرێت.

باخی عەدەنی ئەلگۆریتمان هەروا هەراو و بێ هەرا نییە، هەژدیهایەک خۆی لێ حەشار داون. بەو هەژدیهایە دەگوتریت ئاڵۆزی. وەک هەژدیهای هیدرا، هەژدیهای ئاڵۆزیش چەند سەری هەن. یەکێک لە سەرەکانی پێی دەگوترێت ئاڵۆزیی فەزا: ژمارەی بیتە پێویستەکان بۆ پاشەکەوتی ئەلگۆریتم لەسەر بیرگەی کۆمپیوتەر. ئەگەر ئەلگۆریتمەکان لە ئەو بڕە بیرگەیە زۆرتریان گەرەک بێت کە کۆمپیوتەر دەتوانێت تەرخانی بکات، ئەوا بێسوودن و دەبێت وەلا نرێن. ئەژدیهاکە خوشکێکیشی هەیە، ئاڵۆزیی کات: جێبەجێ بوونی ئەلگۆریتمەکە چەندەی پێ دەچێت، دەبێت تاکوو بەرهەمهێنانی ئەنجامی دڵخواز چەند جار ترانزیستۆرەکان بە کار بهێنێت و بهێنێتەوە. ئەگەر لە سەبر و تاقەتی ئێمە زۆرتری پێ بچێت، دیسان ئەلگۆریمێکی بێکەڵک و بێسوودە. سەری ترسناکی ئەم ئەژدیهایە ئاڵۆزیی مرۆییە. کاتێک ئەلگۆریتمەکان ئەوەندە گەورە دەبن و تێک دەئاڵقێن، ئیتر ئێمەی مرۆڤ سەریان لێ دەرناکەین و هەڵەکان خۆیان دەخزێننە ناویان و نادۆزرێنەوە و ناتوانن کاری دڵخوازمان ڕاپەڕێنن. خۆ ئەگەر بۆخۆشمان سەرمان لێ دەرکرد، ئەوە بۆ کەسانی تر ئاستەمە سەرەودەری لێ‌بکەن و ڕایبگرن و پاشەکەوتی بکەن و بە کاری بهێننەوە.

هەر زانستمەندێکی کۆمپیوتەر، ڕۆژانە لەگەڵ ئەژدیهای ئاڵۆزی زۆرەبان دەگرێت. کاتێک زانایانی کۆمپیوتەر شەڕەکە دەدۆڕێن، ئەو ئاڵۆزییە خۆی دەخزێنێتە ژیانی ئێمەوە. ڕەنگە زۆر جاران پێتان زانیبێت کە دۆڕاوی ئەو شەڕەن. وێڕای ئەوەش، بەردەوام بە زەحمەتێکی یەکجار زۆر خەریکی هەڵچنینی بورجی ئەلگۆریتمەکانین. هەر بەرەیەکی نوێی ئەلگۆریتمەکان کە لەسەر ئەوانی پێشوو دادەنرێت، دەبێت ئاڵۆزیی ئەوانیش ڕابگرێت و ئاڵۆزیی خۆشی دێتە سەر. ئەم بورجە هەروا هەڵدەکشێت و سەر لە ئاسمان دەسوێت، تا دێت لەرزۆکتر دەبێت، دەڵێی وشکە کەڵەکە، هەر بینا ڕما. هەڵەیەکی بچوک لە ئەلگۆریتمێکدا دەبێتە هۆی تەقینەوەی ڕۆکێتێکی یەک میلیارد دۆلاری یان کارەبای ملیۆنان کەس دەبڕێت. بە مامەڵەیەکی چاوەڕواننەکراوی ئەلگۆریتمەکان بازاڕی بورس دادەتەپێت.

ئەگەر بەرنامەسازەکان گچکە خودایەک بن، هەژدیهای ئاڵۆزی شەیتانە. بەشێنەیی خۆی دەخزێنێتە بن چنگڵت و شەڕەکە دەباتەوە. مادام وایە، دەبێت بە دوای ڕێگەیەکی باشتردا بگەڕێین!