هەر ئەلگۆریتمێک پێدراوێک و دەرچوویەکی هەیە: دراوە دەچێتە ناو کۆمپیوتەر، ئەلگۆریتم هەندێک کاری لەسەر جێبەجێ دەکات و ئەنجامێک دێتە دەر. فێربوونی ماشین ئەمە دەگۆڕێت: دراوە و ئەنجامی دڵخواز دەچنە ژوورەوە؛ لەولاوە ئەلگۆریتم دێتە دەر و دەتوانێت خۆشی پێدراوی ئەلگۆریتمێکی تر بێت. ئەلگۆریتمەکانی فێربوون -کە بە فێرخوازیش دەناسرێن- ئەلگۆریتمێکن کە ئەلگۆریتمی تر ساز دەکەن. کۆمپیوتەرەکان بە یارمەتیی فێربوونی ماشین بەرنامەکانی خۆیان دەنووسن، کەواتە پێویست ناکات ئێمە ئەو کارەیان بۆ بکەین.
پەکوو! کۆمپیوتەرەکان بەرنامەکانی خۆیان دەنووسن. ئەوە بیرۆکەیەکی بەهێزە، ڕەنگە تۆزێک مەترسیداریش بێت. ئەگەر کۆمپیوتەر دەست بکەنە نووسینی بەرنامەکانیان، چۆن کۆنترۆڵ بکرێن؟ لە درێژەدا دەبینین کە دەتوانین کۆنترۆڵیان بکەین. بە دڵنیاییەوە نووسینی ئەلگۆریتمەکان پێویستی بە ژیری، داهێنەری و توانایی چارەسەری پرس هەیە، ئایا کۆمپیوتەرەکان ئەو تواناییەیان هەیە؟ چۆن فێربوونی ماشین لە سیحر جیا دەکرێتەوە؟ لە ڕاستیدا، هەتا ئێستاش مرۆڤ دەتوانن زۆر بەرنامان بنووسن کە کۆمپیوتەرەکان ناتوانن فێریان بن. بەڵام، ئەوەش سەرنجڕاکێشە کە کۆمپیوتەرەکان هەندێک بەرنامە فێر دەبن کە مرۆڤەکان ناتوانن بیاننووسن. ئێمە دەزانین چۆن ئۆتۆمبیل باژۆین و دەستخەتان بناسینەوە، ئەو تواناییە ناهۆشیارانەیە؛ ناکرێ بە کۆمپیوتەر بڵێین کە چۆن ئەو کارانە بکات. ئەگەر هەندێک نموونەی پێویست بدەینە فێرخوازێک، بەخۆشییەوە بۆخۆی لێیانەوە فێر دەبێت، ئەوەندەش باش فێر دەبێت کە ڕەنگە لە ئێمە لێزانتری لێ دەرچێت. هەر بەم هۆکارەیە کە فەرمانەگەی پۆست، ناونیشانە پۆستییەکان دەخوێنێتەوە و ئۆتۆمبیلی خۆئاژۆش بەڕێوەن.
لێکچوواندنێکی سادە بۆ فێربوونی ماشین هەیە: جووتیاری. لە جڤاتێکی پیشەسازیدا، کاڵاکان لە کارگە ساز دەکرێن، واتە ئەندازیاران بە وردی دیاری دەکەن چۆن پارچەکان لێک بدرێن و ئامێرەکان لە کەرەستە خاوەکان بەرهەم بێن. کارێکی یەکجار قورسە. کۆمپیوتەرەکان ئاڵۆزترین ئامێرن تا ئێستا ساز کراون، کاری داڕشتن و کارگەکانی بەرهەمهێنان و ئەو بەرنامانەی لەسەریان جێبەجێ دەبن، یەکجار قورس و تاقەتپڕوکێنە. بەڵام ڕێگەیەکی زۆر سادەتریش هەیە بۆ ئەوەی پێداویستییەکان دابین بکەین: لێ گەڕێن با سروشت بەرهەم بهێنێت. لە جووتیاریدا، تۆوەکان دەچێنین، ئاو و کودیان بن دەکەین تاکوو گیاکان گەشە بکەن. بۆچی نابێت تەکنۆلۆژیش وا بێت؟ دەکرێت و بەڵێنی فێربوونی ماشین ئەوەیە. ئەلگۆریتمی فێربوون تۆوە، دراوە خاکە، بەرنامە فێربووەکانیش بەرهەم و گیاکانن. پسپۆڕی فێربوونی ماشین وەکوو جووتیارێکە، زەوییەکە خۆش دەکات، تۆوەکان دەچێنێت و چاودێریی گەشەی بەرهەمەکەی دەکات، لەوە زیاتر کاری بە هیچ نییە.
کاتێک فێربوونی ماشین وا سەیر دەکەین، خێرا دوو شت سەر هەڵدەدەن. یەکەم ئەوەی کە ئەگەر دراوەی زۆرترمان بێت، دەتوانین زۆرتر فێر بین. دراوەمان نەبێت؟ هیچ فێر نابین. دراوەی مەزن؟ زۆر فێر دەبین. هەر بەو هۆکارەیە سەیری هەر جێیەک دەکەیت، فێربوونی ماشین سەری هەڵێناوە. چونکە دراوەیەکی یەکجار زۆر خەریکە بەرهەم دێت. ئەگەر فێربوونی ماشین، شتێک بوایە لە دوکانێک بیکڕن، حەتمەن لەسەر کارتۆنەکەی دەنووسرا: "تەنیا دراوەی تێکەن."
دووەم شت ئەوەیە کە فێربوونی ماشین شێرێکە هەژدیهای ئاڵۆزی سەرژێ دەکات. ئەگەر دراوەی پێویست هەبێت، بەرنامەیەکی فێربوون، کە تەنیا چەند سەد هێڵ کۆدی هەیە، دەتوانێت بەرنامەیەک بەرهەم بهێنێت کە هەزاران هێڵە، هەروەها دەتوانێت ئەو کارە بۆ پرس و کێشەی تریش دووپاتە و چەندپاتە بکاتەوە. کەمکردنەوەی ئاڵۆزی بۆ بەرنامەساز دیاردەیەکی بەرچاوە. ئەمما، وەک هیدرا، هەژدیهای ئاڵۆزی سەرێکی بپەڕێنی، سەری تر دەردێنێ و هەڵ دەداتەوە، بەڵام سەری نوێ گچكەترن و پێی دەچێت تاکوو گەورە ببن.
دەتوانین فێربوونی ماشین وەک پێچەوانەی بەرنامەسازی سەیر بکەین، بە هەمان شێوە کە ڕەگی دووجا پێچەوانەی دووجا و ئەنتگڕاڵ پێچەوانەی داتاشینە. هەروەک چۆن دەپرسین "چ ژمارەیەک دووجا بکرێت دەبێتە 16؟" یان "ئەو نەخشە چییە کە داتاشراوەکەی دەبێتە x+1؟"، ئاواش دەتوانین بپرسین "چ بەرنامەیەک ئەم دەرەنجامە بەرهەم دەهێنێت؟" بە زوویی دەبینین کە چۆن ئەم تێبینییە دەکرێتە ئەلگۆریتمی کۆنکریتی فێربوون.
هەندێک فێرخواز فێری زانین دەبن، هەندێکی تر فێری شارەزایی دەبن. "هەموو مرۆڤەکان دەمرن" ئەوە زانینە. ئاژووتنی پاسکیل شارەزایی دەوێت. لە فێربوونی ماشیندا زۆربەی زانین لە شێوەی مۆدێلی ئاماریدایە، چونکە زۆربەی زانین ئامارییە: هەموو مرۆڤەکان دەمرن، بەڵام تەنیا 4 لەسەدیان ئەمریکایین. پسپۆڕییەکان زۆربەی کات بە شێوەی ڕەوتەکانن: ئەگەر ڕێگەکە بەرەو چەپ چوو، بەرەو چەپ بایدەنەوە؛ ئەگەر ئاسکێک بازی دایە بەردەمتان، پێ بە ڕاگردا بنێن. (بە داخەوە و تا کاتی ئەم نووسینە ئۆتۆمبیلە خۆئاژۆکانی گوگڵ دەڵقی هەڵاوساو و ئاسکیان لێ تێک دەچێت.) زۆربەی ڕەوتەکان ساکارن، زانین و ناوئاخنیان ئاڵۆزە. ئەگەر بزانن کە کام ئیمەیل سپەمە، ئەوا دەزانن کامە دەبێت بسڕدرێتەوە. ئەگەر بزانن کە کام جووڵە لە یاریی شەترەنجدا باشە، خودی جووڵەکە سادەیە.
فێربوونی ماشین زۆر شێوەی گرتوون و بە زۆر ناوان ئاماژەی پێ دەکرێت: ناسینەوەی نەخش، مۆدێلسازیی ئاماری، کۆڵینی دراوە، پشکنینی زانین، شیکاریی پێشبینانە، زانستی دراوە، سیستمی خۆگونجێن، سیستمی خۆڕێکخەر و هتد. هەرکام لەم زاراوانە لە کۆمەڵەی جیاجیادا بە کار دەبرێن و لایەنگری خۆیان هەیە. هەندێک لەو ناوانە تەمەنیان درێژترە و هەندێک کورتتر. لەم کتێبەدا کەڵک لە زاراوەی فێربوونی ماشین وەردەگرم بۆ ئەوەی ئاماژەم بە هەموویان کردبێت.
هەندێک جاران فێربوونی ماشین لەباتیی ژیریی دەستکرد (یان بە کورتی ئەی.ئای) بە کار دەهێنرێت. لە ڕاستیدا، فێربوونی ماشین لقێکی ژیریی دەستکردە بەڵام وەها گەشەی کردووە و بە خۆدا دەپەرمێت کە تارمایی لەسەر دایبابی ساز کردووە. ئامانجی ژیریی دەستکرد ئەوە بوو کە کۆمپیوتەران فێر بکات تاکوو کارەکان لە مرۆڤان باشتر ڕاپەڕێنن، دیارە فێربوونیش بەشێکی گرینگ لەو ئامانجەیە: بەبێ فێربوون، هیچ کۆمپیوتەرێک ناتوانێت شان لە شانی مرۆڤ بدات؛ بە فێربوونە کە کاری وا دەکرێت.
لە ژینگەی پێواژۆی زانیاریدا، فێرخوازەکان نێچیرەوانی مەزنن. بنکەدراوە، وێبخشۆک و نوانەکەر و هتد گیاخۆرن، هەنگاو بە هەنگاو کار لەگەڵ جۆرە جیاجیاکانی دراوە دەکەن. ئەلگۆریتمە ئامارییەکان، پێوژاۆی زانیاریی سەرهێڵ و هتدیش ڕاوچین. ڕووەکخۆرەکان پێویستن، چونکە ئەوانی تر ژیانیان بەمانەوە بەندە، بەڵام نێچیروانە مەزنەکان ژیانێکی بەکەیفیان هەیە. وێبخشۆک وەک چێلەکە، وێب مێرگ و پاوانی پان و بەرینیەتی، کۆپییەک لە وێب لەسەر دیسکە ڕەقەکان هەڵدەگرێت. نوانەکەر بەپێی ئەوەی کە هەر وشەیەک لە کوێدا دەردەکەوێت، لیستێک لە پەڕەکان ساز دەکات، ئەوەش زۆر لە نوانەی کۆتایی پەرتووکان دەچێت. بنکەدراوە وەک فیلن، گەورەن، قورسن و قەت هیچ لە بیر ناکەن. لەنێوان ئەم ئاژەڵانەدا ئەلگۆریتمە ئاماری و شیکارییەکان هەن کە کاری پەستاوتن و هەڵبژاردنی دراوە دەکەن و دراوە دەکەنە زانیاری. فێرخوازەکان ئەو زانیارییە هەڵدەلووشن، دەیهاڕن و دەیکەن بە زانین.
تەنانەت لەناو زانایانی کۆمپیوتەریشدا پسپۆڕانی فێربوونی ماشین (هاوشێوەی ماشینە فێرخوازەکان) لە تەشقدان. زۆر زانستمەندی کۆمپیوتەر، بە تایبەت ئەوانی بەرەکانی پێشوو بەباشی لە فێربوونی ماشین تێناگەن. ئەوەش هۆکاری ئەوەیە کە هەردەم بە شێوەیەکی دێترمنستیک سەیری زانستی کۆمپیوتەر کراوە، بەڵام فێربوونی ماشین پێویستی بە بیرکردنەوەی ئامارییە. ئەگەر ڕێسایەکی دیاریکردنی ئیمەیلی سپەم وردبینی 99 لەسەدە، بەو واتایە نییە کە بێسوودە، ڕەنگە ئەوە باشترین شتێک بێت پێی بگەن و هەر ئەوەندە بەس بێت بیکاتە ئامرازێکی بەسوود. هەر ئەم جیاوازییە لە بیرکردنەوەدا بوو وای کرد کە کۆمپانیای مایکرۆسافت تۆزی پێی گوگڵ نەتەقێنێت بەڵام بۆ کۆمپانییەکی وەک نێتسکەیپ وا نەبێت. وێبگەڕ، تەنیا پارچە نەرمامێرێکی ستانداردە بەڵام مەکینەی گەڕان بیرکردنەوەیەکی جیاوازی دەوێت.
هۆکارێکی تری ئەوەی کە ماشینە فێرخوازەکان وا پێگەیان بەرزە، ئەوەیە کە ژمارەی فێرخوازە بەردەستەکان کەمترە لەوەی کە پێویستیمان پێیانە. بەپێی بۆچوونی پسپۆڕی تەکنۆلۆژی، تیم ئۆرێلی، "زانستی دراوە" لە هەموو کارێکی تری سیلیکۆن ڤەلی بازاڕی گەرمترە. کەڵکەکانی فێربوونی ماشین لەناکاو تەقیونەوە کە فێربوونی هەموویان زۆر قورسە و بوارەکەی قورستر کردووە. وانەکتێبەکانی فێربوونی ماشین پڕن لە بابەتی قورسی بیرکاری. هەرچەند لە ڕاستیدا بابەتەکە ئەوەندەش قورس نییە. دەکرێت هەموو بیرۆکە گرینگەکانی فێربوونی ماشین بەبێ بیرکاری باس بکرێن. لەوانەیە لەگەڵ خوێندنەوەی ئەم کتێبە، ئێوە دەست بکەن بە داهێنانی ئەلگۆریتمەکانی فێربوون، هەرچەند ئەو کارە بە وردبینیشەوە نەکەن.
شۆڕشی زانستی کاری شان و باهۆی ئۆتۆماتیک کردووە، شۆڕشی زانیاریش هەمان شتی بۆ کاری زەینی کردووە، بەڵام شۆڕشی فێربوونی ماشین خودی ئۆتۆماسیۆنی ئۆتۆماتیک کردووە. بەبی فێربوونی ماشین پێشکەوتن وابەستەی بەرنامەسازەکان دەبێت. بە فێربوونی ماشینەوە، پێشکەوتن تاو دەستێنێت. ئەگەر زانستمەندێکی تەنبەڵ و نە زۆر ژیرن، ئەوا فێربوونی ماشین پیشەیەکی باشە، چونکە ئەلگۆریتمەکانی فێربوون زۆربەی کارەکەتان بۆ دەکەن و ناو و ناوبانگەکەش بۆ ئێوە دەگەڕێتەوە. لە لایەکی ترەوە، ئەلگۆریتمەکانی فێربوون لەوانەیە ئێمە لە کارەکەمان لابدەن، ئەوەش ڕەنگە زۆر عادڵانە نەبێت.
پێشکەوتنی ئۆتۆماسیۆن و شۆڕشی فێربوونی ماشین گۆڕانی کۆمەڵایەتی و ئابووری گەورەی لێ دەکەونەوە، بە هەمان شێوە کە هاتنی ئینتەرنێت، کۆمپیوتەر و ئۆتۆمبیل و ماشینی هەڵم لە سەردەمی خۆیاندا ئەو کارەیان کردووە. بوارێک کە هەموو ئەو گۆڕانانە تێیدا ڕەنگیان داوەتەوە بواری بارزگانییە.