بۆچی گوگڵ ئەوەندە لە یاهوو بەنرخترە؟ هەردووک کۆمپانیا داهاتیان لە پیشاندانی بانگەشە لەسەر وێبە و هەردووکیان زۆر بە کار دەهێنرێن. هەردووک کۆمپانیاش کەڵک لە بازاڕێکی هەڕاج وەردەگرن بۆ ئەوەی بانگەشە بکەن و کەڵک لە ئەلگۆریتمەکانی فێربوونی ماشین وەردەگرن بۆ ئەوەی پێشبینی بکەن کە بەکارهێنەرێک لەسەر بانگەشەیەک کرتە دەکات (ئەگەری کرتەکردن بەنرخبوونی بانگەشەکە دیاری دەکات). بەڵام ئەلگۆریتمەکانی فێربوونی گوگڵ زۆر لەوانەی یاهوو باشترن. ئەوە تەنیا هۆکاری جیاوازیی بازاڕی ئەو دوو کۆمپانیایە نییە بەڵام یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانە. هەر کرتەیەکی پێشبینیکراو کە ڕوو نادات، دەبێتە هەلێکی لەکیسچوو بۆ بانگەشەکار و لەدەستچوونی داهات بۆ ماڵپەڕەکە. کۆمپانیای گوگڵ بە داهاتی ساڵانەی 50 ملیارد دۆلارەوە، هەر 1 لەسەد باشتربوونی پێشبینیی کرتەکان بەو واتایە کە نیو ملیارد دۆلار زیاتر لە ساڵێکدا دەچێتە سەر ئەژماری بانکیی کۆمپانیاکە. سەیر نییە کە بۆچی گوگڵ تا ئەو ڕادەیە دڵی بە فێربوونی ماشینەوەیە و کۆمپانیاکانی تریش بە شوێنیدا ڕا دەکەن.
بانگەشە لەسەر وێب تەنیا یەکێک لە دەرکەوتەکانی دیاردەیەکی بەرفرەترە. لە هەر بازاڕێکدا، بەرهەمهێنەر و بەکارهێنەر بەر لە ئاڵوگۆڕی بەرهەمێک پێویستە لە یەکتر گرێ بدرێن. بەر لە هاتنی ئینتەرنێت، گەورەترین ڕێگر ئەوە بوو کە پەیوەندییەکە فیزیکی بوو. ئێوە تەنیا لە کتێبفرۆشیی لای خۆتان کتێبتان دەکڕی و ئەویش کتێبەکانی سنووردار بوون. بەڵام ئێستا دەتوانن هەر کتێبێک دابگرن بۆ سەر خوێنەرە دیجیتاڵەکەتان و بۆ ئەو کارەش ژمارەی بژاردەکانتان یەکجار زۆرە. چۆن بەناو ڕەفەی کتێبفرۆشییەکدا دەگەڕێن کە ملیۆنەها کتێبی بۆ فرۆش هەیە؟ هەمان شت بۆ بەرهەمەکانی تریش ڕاستە: ڤیدیۆ، موزیک، هەواڵ، تویت، بلۆگ، لاپەڕە کۆنەکانی وێب. هەمان شت بۆ هەر بەرهەم و ڕاژەیەک ڕاستە کە دەکرێت لە دوورەوە داوای بکەن: پێڵاو، گوڵ، نەرمامێر، ژووری هۆتێل، فێرکاری، سەرمایەگوزاری. هەروەها ئەوە بۆ ئەو کەسانەش ڕاستە کە بە دوای کارێکدا دەگەڕێن یان بە شوێن ژوانێکەوەن. ئێوە چۆن یەکتر دەدۆزنەوە؟ ئەمە پرسی چاخی زانیارییە و فێربوونی ماشین بەشێکی گرینگ لە وەڵامەکەی پێیە.
گەورەبوونی کۆمپانیاکان بە سێ قۆناغدا تێپەڕ دەبێت. یەکەم، هەموو کارەکان بە دەست دەکرێن: خاوەن کۆمپانیاکان هەموو شتێکی کڕیارەکانیان، داواکانیان و شتە داواکراوەکان یادداشت دەکەن. ئەوە باشە بەڵام بۆ کۆمپانیای گەورە نابێت. لە قۆناغی دووەم و کەمتر دڵخۆشکەردا، کۆمپانیاکە ئەوەندە گەورە دەبێتەوە کە پێویستی بە کۆمپیوتەرەکان دەبێت. لێرەدا بەرنامەسازان، ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانی بنکەدراوە دێنە مەیدان و بە ملیۆنەها هێڵ کۆد، سەرجەم ئەرکەکانی کۆمپانیاکان ئۆتۆماتیک دەکەن. خزمەتەکان پێشکەشی ژمارەیەکی زۆرتری خەڵکی دەکرێن، بەڵام خزمەتەکان ئەوەندە باش نین چونکە بڕیارەکان بەپێی حەزی کەسەکان نین و بەرنامەکانی کۆمپیوتەر لەوە ڕەق و تەقترن کە وەڵامدەری گۆڕان و نەرمونیانیی مرۆڤەکان بن.
ئیتر لە جێیەکدا، بەرنامەساز و ڕاوێژکاران بەس نین بۆ ئەوەی وەڵامی هەموو ئەو پێداویستییانە بدەنەوە و لێرەوە کۆمپانیا ناچار دەبێت دەست بۆ فێربوونی ماشین درێژ بکات. ئامازۆن ناتوانێت حەزی هەموو کڕیارانی لە بەرنامەیەکی کۆمپیوتەریدا کۆد بکات، هەروەها فەیسبووک نازانێت چۆن بەرنامەیەک بنووسێت باشترین نوێبوونەوەکان پیشانی بەکارهێنەرانی بدات. والمارت ملیۆنەها بەرهەم دەفرۆشێت و هەر ڕۆژ ملیاردەها بژاردەی هەیە؛ ئەگەر بڕیار وا بوایە کە بەرنامەسازانی والمارت هەوڵ بدەن ئەو کارانە بکەنە بەرنامەیەک، قەت لێ نەدەبوونەوە. لەجیاتی ئەوە، کۆمپانیاکان ڕوو لە ئەلگۆریتمەکانی فێربوون دەکەن و باشترین خزمەت، بەپێی ئەو دراوە زۆرەی کۆیان کردووەتەوە، پێشکەشی مشتەرییان دەکەن.
ئەلگۆریتمەکانی فێربوون یارییەکان ڕێک دەخەن: ئەوان بەرهەمهێنەران و مشتەرییەکان بۆ یەکتری دەدۆزنەوە، بەو شێوە ڕێگەیەکی قەدبڕ لەنێو زانیارییەکی زۆردا دەدۆزنەوە. ئەگەر زیرەک بن لە هەردوو لاوە باشترینەکان هەڵدەبژێرن: بژاردەی زۆر و نرخی کەم لە قەبارەی گەورەدا، هەروەها دەستڕاگەیشتنی سنووردار و کەسیکراو لە قەبارەی بچووکدا. فێرخوازەکان بێکێشە نین و دوا هەنگاوی بڕیاردان هەر خودی مرۆڤە، بەڵام فێرخوازەکان ژیرانە بژاردەکان سنووردار دەکەن تاکوو مرۆڤەکان بتوانن لەنێوانیاندا هەڵبژێرن.
گەر ئاوڕێک بدەینەوە، دەبینین کە پێشکەوتن لە کۆمپیوتەرەکان بەرەو ئینتەرنێت و بەرەو فێربوونی ماشین شتێکی ناچارەکی بووە: کۆمپیوتەرەکان ڕێگە دەدەن کە ئینتەرنێت لێشاوێک لە دراوە و پرسی ژمارەیەکی ناکۆتا بژاردە دروست بکات و فێربوونی ماشین کەڵک لەو لێشاوەی دراوە وەردەگرێت بۆ ئەوەی پرسی هەڵبژاردنی بێسنوور چارەسەر بکات. ئینتەرنێت بۆخۆی ناتوانێت لە "یەک سایز بۆ هەمووان باشە" بەرەو ئەو جیاوازییە گەورەی نێوان کەسەکان بچێت. نێتفلیکس لەوانەیە سەد هەزار ناونیشانی دی.ڤی.دی ببێت و کڕیاران نازانن چۆن ئەو شتە بدۆزنەوە کە حەزیان لێیەتی، ڕەنگە هەروا لە گۆترە شتێک هەڵبژێرن. تەنیا کاتێک کە نێتفلیکس ئەلگۆریتمی فێربوونی ببێت، دەتوانێت حەزی کڕیاران بدۆزێتەوە و لە لیستێکی دوور و درێژدا هەندێک بژاردە بە بەردەنگەکانی پێشنیار بکات.
کاتێک ئەلگۆریتمەکانی فێربوون دێنە گۆڕێ، دەبنە هێزێکی مەزن. ئەلگۆریتمەکانی گوگڵ دیاری دەکەن کە چ زانیارییەک بدۆزنەوە، ئامازۆن دیاری دەکات کام بەرهەمانە بکڕن و ماڵپەڕەکانی دۆزینەوەی هاوەڵ دیاری دەکەن لەگەڵ کێ بچنە ژوان. دواهەنگاو دەکەوێتە سەرخۆتان کە ئەو شتەی پێتان پێشنیار کراوە هەڵبژێرن یان نا، بەڵام 99.9 لەسەدی هەڵبژاردنەکە لەو ڕێیەوە دەکرێت. سەرکەوتن یان شکستی کۆمپانیایەک بەوە بەستراوەتەوە کە فێرخوازەکان چەند حەز لە بەرهەمەکانیان دەکەن، هەروەها سەرکەوتنی سەرجەمی کۆمپانییەک -ئەوەی کە هەرکەس باشترین بەرهەم بە کەمترین نرخ پەیدا بکات- بەوە بەستراوەتەوە کە فێرخوازەکان چەندە کاران.
باشترین ڕێگە بۆ ئەوەی کۆمپانییەک دڵنیا بێت کە فێرخوازان چەندە حەز بە بەرهەمەکانی دەکەن ئەوەیە کە بۆخۆی فێرخوازەکان بە کار بهێنێت. ئەو کەسە براوەیە کە باشترین ئەلگۆریتم و زۆرترین دراوەی هەیە. لێرەدا لێکەوتەیەکی نوێی ڕایەڵەکان سەر هەڵدەدات: هەرکەس زۆرترین کڕیاری هەن زرۆترین دراوە کۆ دەکاتەوە، باشترین مۆدێلەکان ڕادەهێنێت، زۆرترین کڕیار بۆخۆی ڕادەکێشت و بەو شێوەیە کەسانێکی باشتر لە خۆی کۆ دەکاتەوە. چوون لە گووگڵەوە بۆ بینگ لەوانەیە سادەتر بێت لە گۆڕینی ویندەوز بۆ مەک، بەڵام لە کردەوەدا وا نییە چونکە گوگڵ بەوەدا کە دەستپێکەر بووە و پشکی گەورەتری لە بازاڕدا هەیە، باشتر دەزانێت ئێوە چیتان دەوێت، هەرچەند لەوانەیە تەکنۆلۆژیی بینگیش بەقەدەر ئەو باش بێت. ئەوە بۆ مەکینەیەکی گەڕانی دیکەش ڕاستە کە نوێیە و بەبێ هیچ دراوەیەک دەست پێدەکات، لە کاتێکدا ئەوانی تر یەک دەیە ئەزموون و دراوەیان بۆ ڕاهێنان هەیە.
ڕەنگە وا بیر بکەنەوە کە دوای ماوەیەک کۆ کردنەوەی دراوە سیستمە نوێیەکانیش دەگەنە ئاستی ئەوانی پێشوو، بەڵام لە ڕاستیدا وا نییە و قەت خاڵێک نییە کە ئەو سیستمانە تێیدا تێر ببن. ئەم چیرۆکە هەروا درێژەی هەیە. ئەگەر سەیری پێشنیارەکانی ئامازۆن یان نێتفلیکس بکەن، ڕوونە کە هێشتا زۆر کرچوکاڵن، هەروەها ئەنجامی گەڕانەکانی گوگڵیش زۆری ماوە بگاتە ئاستێک کە ئێمە دەمانهەوێت. هەر تایبەتمەندییەکی بەرهەمێک و هەر کونجی ماڵپەڕێک دەکرێت بە فێربوونی ماشین باشتر بکرێت. ئایا بەستەری خوارەوەی لاپەڕەیەک دەبێت سوور بێت یان شین؟ هەردووکیان تاقی بکەنەوە و بزانن کە کامیان زۆرتری کرتە لەسەر دەکرێت. لەوەش باشتر، لێگەڕێ با فێرخوازەکان چالاک بن و بە بەردەوامی هەموو لایەنەکانی ماڵپەڕەکان بگۆڕدرێن.
لە هەر شوێنێکی بازاڕدا کە زۆر بژاردە و دراوەی زۆر هەیە، ئەو شتە ڕاستە. کێبەرکێ بەردەوامە، ئەوەی زووتر فێر دەبێت، براوەیە. بەوەوە ناوەستێتەوە کە باشتر کڕیارەکان بناسرێن: کۆمپانیاکان دەتوانن لە هەر بەشێکی کارەکانیاندا کەڵک لە فێربوونی ماشین وەربگرن، دراوە هەیە و دراوە لە کۆمپیوتەرەکان، ئامێرەکانی پەیوەندی و سێنسۆرە جیاجیا و هەرزانەکانەوە بە لێشاو دێت. قسەیەکی نوێ دەڵێت "دراوە نەوتی نوێیە" دیارە وەک نەوت پاڵاوتنی دراوەش داهاتی چاکی هەیە. ئای.بی.ئێمیش وەک کۆمپانییەکی مەزن ستراتیژیی گەشەکردنی خۆی لەسەر دابینکردنی شیکاریی دراوە بۆ کۆمپانیاکان داناوە. بیزنسەکان دراوە وەک داراییەکی ستراتیژیک سەیر دەکەن: من چ دراوەیەکم هەیە کە نەیارانم نییانە؟ چۆن دەتوانم کەڵک لەوە وەربگرم؟ نەیارانم چ دراوەیەکیان هەیە کە من نیمە؟
هەروەک چۆن بانکێک کە بنکەدراوەی نییە ناتوانێت لەگەڵ بانکێک کە بنکەدراوەی هەیە کێبەرکێ بکات، بە هەمان شیوە کۆمپانییەکیش کە فێربوونی ماشینی نییە ناتوانێت لەگەڵ کۆمپانییەک کە هەیەتی کێبەرکێ بکات. تاکوو پسپۆڕانی کۆمپانیای یەکەم هەزاران ڕێسا دەنووسن بۆ ئەوەی پێشبینی بکەن کە مشتەرییەکان چییان دەوێت، ئەلگۆریتمەکانی کۆمپانیای دووەم ملیاردەها ڕێسا فێر دەبن، کە سەرجەمی ئەو ڕێسایانە لە خۆ دەگرن بۆ هەر کام لە کڕیاران پێویستن. وەک ئەوەیە تیروکەوان لەهەمبەر چەکی پێشکەوتوودا شەڕ بکات. فێربوونی ماشین تەکنۆلۆژییەکی سەرنجڕاکێشە، بەڵام هۆکاری ئەوەی کە بیزنسەکان بە کاری دەهێنن ئی سەرنجڕاکێشی نییە، بەڵکوو ئەوان ڕێگەیەکی تریان نییە.