فێربوونی ماشین ڕێبازێکی زانستییە. وەک هەر بوارێکی زانستیی دیکە بە هەمان پرۆسەی بەرهەمهێنان، تاقیکردنەوە، وەلانان و پاڵاوتنی گریمانەکاندا تێدەپەڕێت. لەوانەیە زانستمەندێک هەموو ژیانی بە تاقیکردنەوەی چەند سەد گریمانەوە تێپەڕ بکات، سیستمێکی فێربوونی ماشین دەتوانێت هەمان کار لە چاوتروکانێکدا بکات. فێربوونی ماشین گەڕان و پشکنینی زانستی سادە دەکاتەوە. سەیر نییە کە هاوشێوەی بواری بازرگانی، خودی زانستیش کەوتووەتە بەر ئاڵوگۆڕ و شۆڕشی فێربوونی ماشین. 

هەر بوارێکی زانست بەپێی ئاڵۆزیی ئەو پرسەی کە توێژینەوەی لەسەر دەکات، پێویستی بە دراوەی تایبەت هەیە. هەر بەم هۆکارەیە کە فیزیک یەکەم زانست بوو بەرەو کۆکردنەوەی دراوە چوو: تۆمارەکانی تیکۆ برا لەسەر شوێنگەی هەسارەکان، بینینەکانی گالیلۆ لە شاغوڵ، و ڕووتەختی لێژ بەس بوون بۆ ئەوەی یاساکانی نیۆتۆن بدۆزرێنەوە. هەر بە هۆکاری دراوە بوو کە زیندەزانیی مولیکولی، وێڕای ئەوەی لە زانستی دەماری نوێتر بوو، پێشی کەوتەوە: ڕیزکردنی دی.ئێن.ئەی دراوەیەکی خستە بەر دەست کە بۆ زانایانی دەماری مایەی حەسرەت بوو. هەر بە هۆکاری کەمیی دراوەیە کە زانستی کۆمەڵایەتی وەک چیایەکی ڕژد وایە: ئەگەر نموونەیەک دراوەتان لە سەد کەس ببێت و بۆ هەرکامیان چەند بڕگە زانیاری کۆ بکرێتەوە، تەنیا دەتوانن دیاردەی زۆر سنووردار مۆدێل بکەن. تەنانەت ئەو دیاردە بەرتەسکەش لە دەوروبەری دانابڕێت؛ زۆر هۆکاری تر کاریگەری لەسەر دادەنێن، ئەوەش بەو واتایە کە هێشتا دوورن لەوەی لە بابەتەکە تێبگەن.

هەواڵی خۆش ئەوەیە، زانستمەندان کە سەردەمێک لە ڕووی دراوەوە هەژار بوون، ئێستاکە دەوڵەمەندن. دەروونناسان لەجیاتیی ئەوەی پارە بدەنە پەنجا خوێندکاری لیسانس تاکوو لە تاقیگە کارێک بکەن، هەر ئەرکێکی بیانهەوێت دەیخەنە سەر ئامازۆن مێکانیکاڵ تورک. (تەنانەت دەتوانن نموونەیەکی زۆر بەرفروانتر کۆ بکەنەوە.)‌ ڕەنگە قورس بێت بیر لەوە بکەنەوە، بەڵام تەنیا یەک دەیە لەمەوبەر بوو کە ئەو کۆمەڵناسانەی توێژینەوەیان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکرد نەیاندەتوانی دەستیان بە زیاتر لە چەند سەد کەس ڕابگات. ئێستا فەیسبووک هەیە کە زیاتر لە یەک ملیارد کەسی تێدایە. بەشێکی زۆر لە ئەندامانی ئەو تۆڕانە چرکە بە چرکەی ژیانیان بڵاو دەکەنەوە، دەڵێی تەنیا بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی لەسەر زەوین. کانێکتۆم و وێنەگریی زرنگانەوەی موگناتیسیی کرداری  لە زانستی دەماریدا، کڵاوڕۆژنەی نوێیان بەرەو وردەکارییەکانی مێشک کردوونەوە. لە زیندەزانیی مولیکولیدا، بنکەدراوەی جینەکان و پرۆتینەکان بە شێوەی توانی لە گەشەدان. تەنانەت زانستە کۆنترەکانی وەک فیزیک و ئەستێرەناسی، بە هۆی ئەو لێشاوی دراوەی کە لە تاودەری تەنۆلکە و پشکنینە دیجیتاڵەکانی ئاسمانەوە وەریدەگرن، خێراتر بەرەو پێش دەچن.

ئەگەر دراوەی مەزن نەگۆڕدرێت بۆ زانین، هیچ کەڵکێکی نییە و تەنانەت زانستمەندی پێویست لە جیهاندا بۆ کارکردن لەگەڵ‌ ئەو دراوە بوونی نابێت. ئێدوین هابڵ گەلەستێرەی نوێی بە وردبوونەوە لە پەڕەی فۆتۆگرافیک دۆزینەوە بەڵام لە پشکنینی دیجیتاڵیی ئاسمانیی سلۆواندا نیو ملیۆن تەنی ئاسمانی هەن کە بەو شێوەیە نەدۆزراونەوە. ئەوەش وەک ئەوەیە دەنکە لمەکانی گوێی دەریا بژمێریت. دەکرێت ڕێسا بنووسی بۆ ئەوەی گەلەستێرەکان لە ئەستێرەکان و تەنە نۆیزییەکان (وەک باڵندە، فڕۆکە و سوپەرمەنەکان)‌ جیا بکەیتەوە، بەڵام ئەو ڕێسایانە زۆر وردبینانە نین. لە پڕۆژەی سکایکەتدا (پێڕستی وێنەکانی ئاسمان و ئامرازی شیکاری) ئەلگۆریتمێکی فێربوون بە کار هاتووە. ئەلگۆریتمەکە لەو پەڕانەوە دەست پێدەکات کە تەنەکان بە دروستی ناوی پۆلی خۆیان لێ‌ دراوە، پاشان دیاری دەکات کە هەرکام لەوانە چ تایبەتمەندییەکی هەیە و ئەنجامەکە بۆ هەموو ئەو پەڕانە بە کار دەهێنێت کە پۆلەکەیان نازانین. ئەو ئەلگۆریتمە دەتوانێت شتی وا پۆلێنبەندی بکات کە تەنانەت مرۆڤ پێی ناکرێت. 

بە مەزنەدراوە و فێربوونی ماشین دەتوانن لە دیاردەی زۆر ئاڵۆزتر لەوانی ڕابردوو تێبگەن. لە زۆربەی بوارەکاندا، زانستمەندان تەنیا ژمارەیەکی سنووردار مۆدێلیان وەک ریگرێسیۆنی هێڵی بە کار هێناون کە ئەو چەماوەی لەگەڵ دراوە یەکی دەخەن هەمیشە هێڵێكی ڕاستە. بە داخەوە، زۆربەی دیاردەکانی جیهان نا‌‌هێڵین. یان خۆشبەختانە، چونکە ئەگەر وا نەبووایە ژیان زۆر ماندووکەر دەبوو، لە ڕاستیدا ژیانێک لە ئارادا نەدەبوو. فێربوونی ماشین جیهانێکی نا‌هێڵیی گەورەی بۆ کردووینەوە. وەک ئەوەی گڵۆپێک لە جێیەکدا هەڵبکەیت کە پێشتر تەنیا تریفەی مانگەشەو لێی دەدا. 

لە زیندەزانیدا، ئەلگۆریتمەکانی فێربوون دەریدەخەن کە جینەکان لە کوێی مولیکولێکی دی.ئێن.ئەیدان، چۆن بەشە زیادەکانی ئاڕ.ئێن.ئەی بەر لە سازبوونی پرۆتینەکان دەردەکەون، چۆن پرۆتینەکان لە شێوە تایبەتەکانی خۆیاندا تێکدەئاڵێن، و چۆن هەلومەرجە جیاوازەکان لەسەر دەرکەوتنی جینە جیاجیاکان کاریگەری دادەنێن. لەجیاتی تاقیکردنەوەی هەزاران دەرمان لە تاقیگەدا، فێرخوازەکان پێشبینی دەکەن کە ئایا ئەو دەرمانانە کار دەکەن و تەنیا ئەوەی کە لە هەمووان دڵخۆشکەرترە تاقی دەکرێتەوە. هەروەها ئەو مولیکولانەی کە کاریگەریی لاوەکی وەک شێرپەنجەیان هەیە لادەبرێن. ئەوە ڕێگری دەکات لە تاقیکردنەوەی سەرنەکەوتوو کە کاریگەریی دەرمانەکان تەنیا پاش تاقیکردنەوەیان لەسەر مرۆڤ دەربکەوێت.

گەورەترین ململانێ یەکخستنی ئەو زانیارییە لە کۆیەکی تەبادایە. هەموو ئەو هۆکارانەی کە کاریگەری لەسەر مەترسیی نەخۆشیی دڵ دادەنێن، چین و چۆن کارلێک دەکەن؟ هەموو ئەو شتەی نیۆتۆن پێویستی بوو سێ یاسای جووڵە و یاسای کێشکردن بوو، بەڵام مۆدێلێکی تەواو لە خانەیەک، لە ئۆرگانیزمێک و کۆمەڵگایەک ئاڵۆزتر لەوەیە کە مرۆڤێک لێی تێبگات. لەگەڵ ئەوەی کە زانین گەشە دەکات، سنووری کاری زانستمەندان بەرتەسکتر دەبێتەوە، بەڵام کەس ناتوانێت ئەو بوارانە لێک بدات چونکە زۆر لە یەکتر دوورن. زانستمەندان هاوکاری دەکەن، بەڵام زمان ئامرازێکی زۆر سنووردارە بۆ پەیوەندی. زانستمەندان هەوڵ‌ دەدەن لەگەڵ توێژینەوەی ئەوانی تر پەیوەندی بگرن بەڵام قەبارە و ژمارەی بڵاوکراوەکان ئەوەندە زۆرە هەروا لە یەک دوورتر و دوورتر دەبنەوە. زۆربەی کاتەکان جێبەجێ‌کردنەوەی تاقیکردنەوەیەک سادەترە لە دۆزینەوەی ئەو وتارەی کە ئاماژەی بە ئەنجامەکەی کردووە. فێربوونی ماشین لێرەدا بە هاناوە دێت، لەناو ئەدەبیاتی زانستیدا بۆ زانیاریی پەیوەندیدار دەگەڕێت، زمانی تایبەتی بوارێک بۆ ئەوەی تر وەردەگێڕێت و تەنانەت پەیوەندییەکان ساز دەکات کە زانستمەندان بۆخۆیان ئاگاداری نین. فێربوونی ماشین خەریکە وەک پردێکی گەورەی لێ دێت کە تەکنیکەکانی مۆدێلسازیی داهێنراو لە بوارێکدا لە ڕێگەی ئەو پردەوە دەچنە بوارێکی دیکەوە. 

ئەگەر کۆمپیوتەرەکان دانەهێنرابان، لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا زانست ڕادەوەستا. ڕەنگە ئەو شتە زۆر خێرا دەرنەکەوتبایە، چونکە زانستمەندان بەکاوەخۆ خەریکی پێشكەوتنی سنووردار لە بوارەکەی خۆیاندا دەبوون، هەرچەند ئاستی ئەو پێشکەوتنە زۆر لەوەی ئێستا سنووردارتر دەبوو. بەهەمان شێوە، بەبێ فێربوونی ماشین زۆر زانست هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانیان دەپووکانەوە .

بۆ ئەوەی داهاتووی زانست ببینن سەرێک لە تاقیگەی بایۆتەکنۆلۆژیی دامەزراوەی مەنچستەر بدەن کە لەوێ ڕۆبۆتێک بە ناوی ئادەم بەردەوام کار دەکات بۆ ئەوەی دیاری بکات کە کام جین کام ئانزیم لە ترشێنەرێکدا کۆد دەکات. ئادەم مۆدێلێکی لە مێتابۆلیزمی ترشێنەرو زانیارییەکی گشتی لەسەر جینەکان و پرۆتینەکان هەیە. ئەو گریمانەکان ساز دەکات، تاقیکردنەوەکان گەڵاڵە دەکات، بە شێوەی فیزیکی تاقیکردنەوەکان جێبەجێ دەکات، ئەنجامەکان شیکاری دەکات، تاکوو گەیشتن بە وەڵام کار لەگەڵ‌ گریمانەی نوێ دەکات. تا ئێستاش مرۆڤەکان بۆ دڵنیایی زیاتر ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی ئادەم سەیر دەکەنەوە بەڵام لە داهاتوودا ئەو کارەش دەسپێرن بە ڕۆبۆتە زانستمەندەکان و ڕۆبۆتەکان بۆخۆیان پێداچوونەوە بۆ گریمانەکانی یەکتری دەکەن.