ئەلگۆریتمەکانی فێربوون هێزی نەتەوەکان پیشان دەدەن. هەموو ڕۆژێک، هێرشبەرە بیانییەکان هەوڵ دەدەن بچنە ناو کۆمپیوتەرەکانی پێنتاگۆن، ناوەندەکانی پاراستن، کۆمپانییەکان و ئاژانسە حکومەتییەکان. بەردەوام تاکتیکیان دەگۆڕن؛ ئەوەی لە بەرامبەر هێرشەکانی دوێنێدا کاری دەکرد، چیتر ئەمڕۆ کار ناکات. نووسینی کۆد بۆ دۆزینەوە و بلۆکی کەسەکان سەرکەوتوو نییە و ناوەندە ئەمنییەکان لەوە ئاگادارن. فێربوونی ماشین لە حاڵەتێکدا تووشی کێشە دەبێت کە هێرشێک لە جۆرێکی نوێ بکرێت و پێشتر هیچ نموونەی وەک ئەو هێرشە نەبووبێت کە لێیانەوە فێر ببێت. فێرخوازەکان لەسەر هەڵسوکەوتی ئاسایی و باوی بەکارهێنەرانەوە ڕادێن و ئەگەر لە کەسانێکدا هەڵسوکەوتی سەیر ببینن دەستنیشانی دەکەن. پاشان کەسی دەستنیشانکراو بە بەڕێوەبەران دەناسێنن. ئەگەر شەڕێکی سایبری بکرێت، ژەنەراڵەکان مرۆڤن بەڵام سەربازەکان ئەلگۆریتمن. مرۆڤەکان زۆر هێواشن و ژمارەیان کەمە، بۆیە لەبەرامبەر هێرشێکی بەرفراوانی بۆتەکاندا زوو تەسلیم دەبن. ئێمەش پێویستمان بە سوپایەک لە بۆتەکانە و فێربوونی ماشین باشترین قوتابخانەیە بۆ بۆتەکان.
شەڕی سایبری شەڕێکی ڕانەگەیەنراوە، ڕەنگە لایەنێک هێزی ئەویتری نەبێت بەڵام دیسان دەتوانێت دەست بوەشێنێت. ژمارەیەکی کەم تیرۆریست بە چەکێکی ئاساییەوە دەتوانن هێرشێک ڕێک بخەن و هەزاران کەسی بێتاوان بکوژن. زۆربەی هێرشەکانی ئێستا بۆ سەر ئەمریکا لە جۆری شەڕی ڕانەگەیەنراون و چەکێکی بەهێزیش بۆ بەرگری ئەو هێرشانە هەیە: زانیاری. ئەگەر دوژمن نەتوانێت خۆی حەشار بدات دەکوژرێت. هەواڵی خۆش ئەوەیە کە زانیارییەکی یەکجار زۆرمان هەیە، ئەو هەواڵە دەکرێت ناخۆشیش بێت.
ئاژانسی پاراستنی نەتەوەیی بەوە ناوی زڕاوە کە تێربوونی نییە لە دراوە: بەپێی بەراوردەکان هەر ڕۆژ گوێ بۆ زیاد لە یەک ملیارد پەیوەندیی تەلەفۆنی و جۆری تری پەیوەندی لە سەرانسەری جیهان ڕادەدێرن. بابەتی کەسیبوون بە لایەک، ئەوان ملیۆنەها کەسیان نییە کە گوێ بۆ ئەو تەلەفۆن و ئیمەیلانە هەڵخەنەوە و تەنیا ئەوە تۆمار بکەن کە کێ لەگەڵ کێ قسە دەکات. زۆربەی ئەو پەیوەندییانە هیچ کێشەیان نییە و نووسینی بەرنامەیەک بۆ دەرهێنانی ژمارەیەکی کەم کەسی گومانلێکراو لەو ژمارە زۆرەدا کارێکی قورسە. پێشتر ئاژانسی پاراستن کەڵکی لە دۆزینەوەی کلیل وشە وەردەگرت، بەڵام تێپەڕین لەو بەربەستە سادەیە. تەنیا بە بۆمبدانان بڵێ زەماوەند و بە بۆمبەکە بڵێ کەیکی زەماوەند. لە سەدەی بیست و یەکدا ئەو کارە بە فێربوونی ماشین سپێردراوە. ئاژانسی پاراستن زۆر زانیاری ئاشکرا ناکات بەڵام پێشتر لەبەردەم کۆنگرێسدا ئەوەیان باس کردووە کە گەڕان لەناو پەیوەندییە تەلەفۆنییەکاندا ڕێگری لە دەیان هێرشی تیرۆریستی کردووە.
تیرۆریستان دەتوانن لەناو خۆپیشاندەرانی یاریی تۆپی پێدا خۆیان حەشار بدەن، بەڵام فێرخوازەکان دەتوانن ڕوخساریان لەو ئاپۆرە مەزنەدا بناسنەوە. ئەوان دەتوانن بۆمبی مەترسیدار ساز بکەن بەڵام فێرخوازەکان دەتوانن پوچەڵیان بکەنەوە. فێرخوازەکان کارێک دەکەن لەوانەش وردەکاری زیاترە: ئەوان دەتوانن لەنێوان زنجیرەیەک ڕووداودا پەیوەندی بدۆزنەوە کە وا دیار دەکەوێت لە یەکتر جودان و زیانیان نییە بەڵام کە پەیوەندییان لەگەڵ یەک سەیر دەکرێت دەگەنە هەڵسوکەوتی زۆر مەترسیدار. ئەو ڕوانگەیە دەیتوانی بەر بە ڕووداوی یازدەی سێپتەمبر بگرێت. فێرخوازەکان ئالەنگارییەکی گەورەشیان هەیە: کاتێک بەرنامەیەکی فێربوو جێگیر دەکرێت، خراپەکاران هەوڵ دەدەن هەڵسوکەوتیان بگۆڕن تاکوو بە سەریدا زاڵ ببن. ئەوە بە پێچەوانەی جیهانی ڕاستەقینەیە کە زۆربەی کاتەکان هەڵسوکەوتەکان نەگۆڕن. چارەسەر ئەوەیە کە فێربوونی ماشین لەگەڵ تیۆریی گەمە تێکەڵ بکرێت: تەنیا ئەوە فێر مەبە کە بەسەر دژبەرتدا زاڵت دەکات، بەڵکوو ئەوەش فێر ببە کە لەوانەیە دژبەرت لەبەرامبەرتدا بیکات. جگە لە کەمکردنەوەی تێچوو و سوودەکانی تیۆریی گەمە، ئەو بوارە دەتوانێت هاوسەنگییەک لەنێوان پاراستن و کەسیبووندا ڕابگرێت.
لە شەڕی بریتانیادا، هێزی هەوایی بریتانیا -هەرچەند بە ژمارە کەم بوون- پاشەکشەیان بە هێزی ئاسمانیی ئەڵمان کرد. فڕۆکەوانە ئەڵمانییەکان نەیاندەزانی بۆ وایە، دەچوونە هەر جێیەک دەکەوتنە داوی هێزە ئاسمانییەکانی بریتانیاوە. بریتانییەکان چەکێکی شاراوەیان هەبوو: ڕادار، لەو ڕێگەوە بریتانییەکان بەر لەوەی فڕۆکەی ئاڵمانی بچنە سنووریانەوە، شوێنی فڕۆکەکانیان دەستنیشان دەکرد. فێربوونی ماشین وەک ڕادارێکە کە داهاتوو دەبینێت. تەنیا بەرامبەر جووڵەی دژبەرتان کاردانەوەتان نابێت؛ جووڵەیان پێشبینی دەکەن و بەریان پێ دەگرن.
نموونەیەکی هەستیارتر بە کاری پۆلیسیی پێشبینانە ناسراوە. بە پێشبینیی تاوان، دەکرێت هێزەکان لەو شوێنانە جێگیر بکرێن کە پێویستترە، هەروەها هەڵوێستی تر بۆ بەرگری لە تاوان بگیرێتە بەر، هێزی پۆلیس بەو شێوە دەتوانێت کارەکانی زۆر باشتر بکات. سەپاندنی یاسا لە زۆر ڕووەوە لە شەڕی ڕانەگەیەنراو دەچێت و هەمان تەکنیکی فێربوون لێرەشدا کار دەکەن، جا ئەو سەپاندنە دەستنیشانکردنی فێڵ و گزی بێت، پەردە هەڵدانەوە لە تۆڕی پەیوەندیی تاوانباران بێت یاخود کارێکی ئاسایی پۆلیسی بێت.
فێربوونی ماشین لە خودی مەیدانی شەڕیشدا تا دێت زۆرتر دەور دەگێڕێت. فێرخوازەکان دەتوانن تەمی مەیدانی شەڕ بڕەوێننەوە، بە ناسینەوەی وێنە کاری سیخوڕی بکەن، ڕاپۆرتەکانی پاش ڕووداوەکان پێواژۆ بکەن و پارچەکانی زانیاری لەسەر باردوخێک یەک بخەن و وێنەیەکی گشتی بۆ فەرماندەکان بەرهەم بهێنن. فێربوون هێز دەبەخشێت بە ڕۆبۆتە شەڕکەرەکان، یارمەتییان دەدات کە چۆن شتەکان هەڵبگرن، چۆن لەگەڵ زەوی و شوێنی نوێ خۆیان ڕابهێنن، کەلوپەلی دوژمن لە خەڵکی مەدەنی جیا بکەنەوە و هەڵبکوتنە سەر ئامانجەکانیان. ئاڵفاداگی دارپا کەلوپەلی سەربازەکان هەڵدەگرێت. درۆنەکان دەتوانن سەربەخۆ و بە یارمەتیی ئەلگۆریتمەکانی فێربوون بفڕن؛ دەکرێت تا ڕادەیەک لەلایەن مرۆڤیشەوە کۆنترۆڵ بکرێن، چونکە ئامانجی فڕۆکەوان ئەوەیە کە ئامانجی زۆرتر بپێکێت. لە سوپاکانی داهاتوودا، ژمارەی فێرخوازەکان زۆر لە سەربازەکان زیاتر دەبێت، ئەوەش وا دەکات گیانی زۆر مرۆڤان بپارێزرێت.