کتێبی ئەلگۆریتمی شارەزا (بەشی ٦)
نووسین: پێدرۆ دۆمینیگۆ
وەرگێڕان: ئاران ئەمینی
وێنە: چەت جی.پی.تی
جۆرەکانی تەکنۆلۆژی دێن و دەچن. سەیرە ئەوەیە کە لەو هەموو گۆڕانەدا، لەو هەموو بەرزی و نزمییەدا، فێربوونی ماشین هەر گەشە دەکات. یەکەم کاریگەریی بەرچاوی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی 1980کان کە پێشبینیی هەڵکشان و داکشانی پشکەکانی بورسی دەکرد. شەپۆلی دواتر پشکنینی بنکەدراوەی کۆمپانیاکان بوو کە دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی 1990ەکان و لەو دەمەدا بنکەدراوەکان تا دەهات گەورەتر دەبوون و لە فێربوونی ماشین بۆ بازاڕدۆزینەوەی ڕاستەوخۆ، بەڕێوەبەریی پەیوەندیی کڕیار، پلەبەندیی متمانە، و دۆزینەوەی فێڵ و گزی کەڵک وەردەگیرا. پاشان وێب و بازرگانیی ئەلەکترۆنیک هاتن، کە لەوێدا کەسیکردنی ئۆتۆماتیک زۆر پێویست بوو. پاش هاتنی دات کۆم، فێربوونی ماشین بۆ گەڕانی وێب و پێشنیاری بانگەشە کەڵکی لێ وەرگیرا.
باش یان خراپ، هێرشەکانی یازدەی سێپتەمبر فێربوونی ماشینی بردە مەیدانی شەڕ لەگەڵ تیرۆر. وێبی 2.0 زۆر کەڵکی نوێی ساز کردن، لەوانە پشکنینی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئەوەی بزانن کە بلۆگێرەکان ڕایان لەسەر بەرهەمەکانی ئێوە چییە. هاوکات لەگەڵ ئەوە، زانستمەندان لە زۆر بواراندا ڕوویان لە سازکردنی مۆدێلی قەبارە گەورە کرد، زیندەزانانی مولکولی و ئەستێرەناسان پێشەنگی ئەوەن.
لە ساڵی 2011 و بە دەسپێکی مەزنەدراوە، فێربوونی ماشین بوو بە چەقی پێشبینیی داهاتووی ئابووری. ئێستا کەم لایەنی ژیانی مرۆڤ ماوە فێربوونی ماشین دەستی بۆ نەبردبێت، بواری وەک موزیک، وەرزشەکان و تام کردنی شەرابیش لەوە بەدەر نین. ئەو گەشەی لەو بوارەدا دەیبینین تەنیا سەرەتایەکە و زۆری تری بە دوادا دێت. هەرچەند ئەو بەرەی ئێستای فێربوونی ماشین لە بواری پیشەسازیدا بەسوودە، لە ڕاستیدا زۆریش سنووردارە. ئەگەر بیرۆکەی توێژەرانی ئەو بوارە بەر بگرن، فێربوونی ماشین تەنیا سەردەمێکی نوێ لە شارستانیەت ناهێنێت بەڵکوو قۆناغی نوێ لە فراژۆبوونی ژیان لەسەر زەویش دەبێت. چۆن ئەو شتە بەدی دێت؟ ئەلگۆریتمەکانی فێربوون چۆن کار دەکەن؟ ئێستا چییان پێ ناکرێت و بەرەی داهاتوو چۆن دەبن؟ شۆڕشی فێربوونی ماشین چۆن دەقەومێت؟ دەبێت چاوەڕوانی چ هەل و چ مەترسییەک بن؟ ئەمانە بابەتی ئەم کتێبەن، درێژە بدەن بە خوێندنەوە.